شنۆ؛ پایتەختی گێلاس دەبێتە تابلۆیەکی سوور و بەرهەمەکانی دەگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان
وەرزی ڕنینی گێلاس لە باخەکانی شنۆ دەستیپێکردووە و ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت قەبارەی بەرهەمەکە بگاتە 4000 تۆن، کە بەشێکی زۆری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا دەکرێت.
شنۆ؛ پایتەختی گێلاس
لە ئێستادا لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەرزی ڕنینی یەکێک لە بەناوبانگترین میوەکانی ناوچەکە دەستیپێکردووە. شنۆ کە بە "پایتەختی گێلاس" دەناسرێت، بەهۆی جۆراوجۆری و کوالێتیی بەرزەکەی، گێلاسەکانی بوونەتە براندێکی ناسراو. ئەمساڵ باخەکانی گوندی جەڵدیانی نێوان شنۆ و پیرانشار، بڕێکی زۆر لە بەرهەمی سوور و گەشیان تێدایە و باخداران لە ئاستی بەرهەمەکە ڕازین.
براندێکی جیهانی و بازاڕی دەرەوە
گێلاسی شنۆ تەنیا وەک میوەیەکی ناوخۆیی نەماوەتەوە، بەڵکو سنوورەکانی تێپەڕاندووە و ئێستا لە بازاڕەکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە. فەیسەڵ جەهانگیری، کە باخدارێکی ناوچەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرهەمەکەیان بووەتە براندێکی ناسراو لە ناوخۆ و دەرەوە و کڕیارێکی زۆری هەیە، ئەمەش وایکردووە ساڵانە بەشێکی زۆری بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت.
1000 هێکتار باخ و هەلی کار
ئەمساڵ زیاتر لە 1000 هێکتار لە باخەکانی شاری شنۆ بە گێلاس چێنراون. پێشبینی دەکرێت بڕی بەرهەمی ئەمساڵی شارەکە بگاتە 3000 بۆ 4000 تۆن. ئەم کەرتە نەک تەنیا بۆ باخداران، بەڵکو بۆ کرێکارانی ناوچەکەش بووەتە سەرچاوەی بژێوی و هەلی کاری دروستکردووە؛ لە ئێستادا هەر کرێکارێک بۆ لێکردنەوەی هەر کیلۆیەک گێلاس، بڕی 30,000 تمەن حەقدەست وەردەگرێت.
وردەکارییەکانی ڕنین و پاراستنی بەرهەم
ڕنینی گێلاس پێویستی بە وریاییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی کوالێتییەکەی تێکنەچێت. باخداران دەڵێن، دەبێت گێلاسەکان بە لاسکەکەیانەوە لێبکرێنەوە، چونکە ئەگەر بەبێ لاسک بێت تەمەنی مانەوەی زۆر کەم دەبێتەوە و زوو تێکدەچێت. ئەم وریاییە لە کاتی ڕنیندا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی بەرهەمەکە بە ساغی بگاتە بازاڕە دوورەکانی وەک ڕووسیا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا