شۆفێرانی هەولێر: لە نێوان گرانیی نرخ و نۆرەی درێژی بەنزینداین
سەدان شۆفێر لەژێر پلەی گەرمای بەرزی هاویندا، چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا دەمێننەوە بۆ ئەوەی بڕی 50 لیتر بەنزینی حکومی بە نرخی 750 دینار وەربگرن.
چاوەڕوانی بۆ بەنزینی 750 دیناری
لە ناوەندەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی لە شاری هەولێر، نۆرەی دوورودرێژی ئۆتۆمبێلەکان دروستبووە. شۆفێران ناچارن چەندین کاتژمێر لەژێر گەرمای توندی هاویندا چاوەڕێ بکەن تاوەکو 50 لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو وەردەگرن. ئەم دۆخە وایکردووە شۆفێران لەبری کارکردن یان مانەوە لەگەڵ خێزانەکانیان، بەشێکی زۆری کاتی ڕۆژەکەیان لە وێستگەکاندا بەسەر بەرن.
خراپیی کوالێتیی بەنزینی بازرگانی
پەنابردنی شۆفێران بۆ بەنزینی حکومی تەنیا بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خراپیی کوالێتی و گرانیی نرخی بەنزینی بازرگانییەوە هەیە. بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی بەنزین لە ناوخۆی هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێگەی بە هاوردەکردنی بەنزین داوە بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر وێستگەکان دروستبووە کەم بێتەوە.
چارەنووسی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە
حکومەتی عێراق ڕۆژانە بڕی 50,000 بەرمیل نەوتی خاو بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. بڕیاربوو ئەم بڕە نەوتە بکرێتە بەنزین و بە شێوەی پاڵپشتیکراو بخرێتە بازاڕەوە بۆ سوودی هاووڵاتییان، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕوون نییە ئەو 50,000 بەرمیلە چی لێدێت و بۆچی نەبووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووتەمەنی و نۆرە گرتنی شۆفێران.
2 کاتژمێر پێش ئێستا