لە "هەرگیز نەفرۆشتن"ەوە بۆ فرۆشتنی ملیار دۆلاری؛ مایکڵ سایلەر چی بەسەر بیتکۆین هێنا؟

ژولیا ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گەورەترین "نەهەنگی" بیتکۆین کە هەمیشە بانگەشەی بۆ نەفرۆشتنی دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەکرد، ئێستا خۆی بە قەبارەیەکی گەورە دەستی بە فرۆشتن کردووە و بازاڕی شڵەژاندووە.

مایکڵ سایلەر و گۆڕینی ستراتیژییەت

مایکڵ سایلەر، خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆستراتیجی (MicroStrategy) لە ئەمریکا، کە وەک یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنەرانی بیتکۆین دەناسرێت، بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی تووشی شۆک کردووە. سایلەر کە پێشتر خاوەنی دروشمی "هەرگیز نەفرۆشتن" بوو و داوای لە بازرگانان دەکرد بیتکۆینەکانیان نەفرۆشن، ئێستا بە پێچەوانەی قسەکانی خۆیەوە دەستی بە فرۆشتنی بەشێکی زۆری داراییەکانی کۆمپانیاکەی کردووە.

فرۆشتنی 1.25 ملیار دۆلار بیتکۆین

سایلەر لە ماوەی ڕابردوودا بە قەبارەیەکی گەورە بیتکۆینەکانی فرۆشتووە و پارەکەی بەسەر خاوەن پشکەکاندا دابەش کردووە. لە دوایین هەنگاویدا بە بەهای 1.25 ملیار دۆلار بیتکۆینی فرۆشتووە. ئەم کردەوەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەبووە و بووەتە هۆی ئەوەی نرخی یەک بیتکۆین لە ماوەی ڕابردوودا تاوەکو ئاستی 58,000 دۆلار دابەزێت.

کشانەوەی 5 ملیار دۆلار لە سندوقەکانی بیتکۆین

لە ئێستادا بیتکۆین نزیكەی 50%ـی بەهاکەی لەدەستداوە بەراورد بە بەرزترین نرخی پێشوو و وەبەرهێنەران لە کشانەوەدان. بەگوێرەی داتاکانی بلومبێرگ، سندوقەکانی بیتکۆین سپۆت (ETF) لە سەرەتای ساڵەوە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار دەرچوونیان لە بازاڕی بیتکۆین ڕاگەیاندووە. لەنێویاندا سندوقی (IBIT)ـی کۆمپانیای بلاک ڕۆک بە تەنیا زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری لە بازاڕەکە کشاندووەتەوە.

دۆخی ئێستای نرخ و مۆدێلی نوێ

لە ئێستادا نرخی یەک بیتکۆین لە دەوروبەری 62,000 دۆلاردا مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە ناوەندە داراییەکاندا مشتومڕ لەسەر سەرهەڵدانی مۆدێلێکی نوێی بازرگانی هەیە، کە تێیدا ڕێگە بە فرۆشتنی بەشێک لە بیتکۆینەکان دەدرێت بە مەبەستی دروستکردنی یەدەگی نەختینەیی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گەورە وەبەرهێنەرانی وەک سایلەر دەستیان لە ستراتیژییەتی جێگیری پێشوو هەڵگرتووە.

ژولیا ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا