وەزارەتی پەروەردە: لەدایکبووانی 2020 دەچنە پۆلی یەک و کاتی تۆمارکردنیش دیاریکرا
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕێکار و مەرجەکانی تەمەن بۆ وەرگرتنی منداڵان لە باخچە و قوتابخانە حکومییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 ڕاگەیاند، کە تێیدا وردەکاریی کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکە دیاریکراوە.
مەرجی تەمەن بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، ئەو منداڵانەی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی وەردەگیرێن دەبێت لەدایکبووی 1.1.2020 تاوەکو 31.12.2020 بن. بۆ وەرگرتنی قوتابیانیش، هەمان ئەو ڕێکارە کارگێڕییانە پەیڕەو دەکرێن کە بۆ ساڵی خوێندنی ڕابردوو دیاریکرابوون.
وەرگرتن لە باخچەی ساوایان
بۆ وەرگرتنی منداڵان لە باخچەی ساوایانی حکومی، تەمەنەکان بەم شێوەیە دابەشکراون: بۆ قۆناغی یەکەم (ساڵی یەکەم)، دەبێت منداڵەکە لەدایکبووی 1.1.2022 تاوەکو 31.12.2022 بێت. بۆ قۆناغی دووەمی باخچەش، پێویستە تەمەنی منداڵەکە لەنێوان 1.1.2021 تاوەکو 31.12.2021 بێت.
وادەی دەستپێکردنی تۆمارکردن
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆسەی تۆمارکردنی منداڵان و قوتابیان لە باخچە و خوێندنگەکان لە 15.7.2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 19.8.2026 بەردەوام دەبێت. دایکان و باوکان دەتوانن لەو ماوەیەدا سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن بۆ جێگیرکردنی ناوی منداڵەکانیان.
کارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان لە سیستمدا
دوای تەواوبوونی کاتی تۆمارکردن، دەبێت تاوەکو ڕێکەوتی 30.8.2026 سەرجەم هۆبەکانی پۆلەکان جیاکرابنەوە و ناوی هەموو قوتابیان لە سیستمی (E-perwarda) تۆمار کرابێت. هەروەها ڕۆژی 6.9.2026 وەک دوا مۆڵەت دیاریکراوە بۆ دابەشکردنی بەشەوانەی مامۆستایان و تۆمارکردنی خشتەی وانەکان لەناو سیستمەکەدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا