حەمەد جومەیلی دەستگیرکرا؛ لە ماڵەکەیدا 3 ملیۆن دۆلار و ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها دۆزرایەوە
لە بەردەوامیی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە کەرتی نەوت، بەرپرسێکی تری کۆمپانیای نەوتی باکوور لە شارۆچکەی شەرگات دەستگیرکرا و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی نەختینەدا گیرا.
دەستگیرکردنی بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا لە شارۆچکەی شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، (حەمەد ڕەمەزان عەباس جومەیلی)یان دەستگیرکرد. ناوبراو بەرپرسی گرێبەستەکان و دۆسیەی کۆگاکان بووە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و دەستگیرکردنەکەشی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی عەدنان جومەیلی بووە.
پارە و ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەکان
میدیاکانی عێراق ئاشکرایان کردووە کە لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕی 3 ملیۆن دۆلار و 700 ملیۆن دیناری عێراقیدا گرتووە. جگە لە پارە نەختینەییەکە، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهای جۆری (کادیلاک)ـیشدا گیراوە کە لە حەوشەی ماڵەکەیدا بووە.
پەیوەندی بە دۆسیەی عەدنان جومەیلییەوە
ئەم دەستگیرکردنە نوێیە پاش ئەوە دێت کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەری تری وەزارەتی نەوت و پاڵاوگەی بێجی لە هەمان دۆسیەی گەندەڵیدا تێوەگلاون. قایمقامی شارۆچکەی بێجی جەختی کردەوە کە هەڵمەتەکە پاش بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی تۆکمە ئەنجامدراوە.
هەڵمەتە گەورەکەی ناوچەی سەوز
دۆسیەی عەدنان جومەیلی کە لە 30ـی ئایار دەستگیرکرا، بووەتە سەرەداو بۆ هەڵمەتێکی گەورەتر. لە 28ـی حوزەیراندا هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکیان بۆ سەر ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی تر ئەنجامدا، کە تێیدا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکران؛ لەوانە موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، عالیە نوسەیف پەرلەمانتار و عەلی مەعارج بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا