بێلینگهام: سەلماندمان ئامادەین بۆ هەموو ڕکابەرییەک
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی و پڕ کێشە بەرامبەر هەڵبژاردەی مەکسیک تۆمار بکات و بگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی 2026، ئەوەش لە یارییەکی پڕ جۆشی قۆناغی 16دا کە لەسەر خاکی مەکسیک بەڕێوەچوو.
جود بێلینگهامی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئینگلتەرا و یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی دڵخۆشی خۆی بەو سەرکەوتنە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ستایشکردنی ئەو یارییە ئاسان نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی تیپەکەیان ناچار بوو بە 10 یاریزانەوە یارییەکە تەواو بکات.
بێلینگهام جەختی لەوە کردەوە، کە ئینگلتەرا بە شێوازێکی نایاب لە هێڵی بەرگری خۆیدا بەرگری کردووە و لە هەمان کاتدا لە هێڵی پێشەوەشدا یەکلاییکەرەوە بوون، جوود ئاماژەی بەوەشدا کە لە ڕابردوودا لە ژێر ئەو گوشارە زۆرەدا هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەوانە بوو هەرەس بهێنێت، بەڵام ئەمجارە یاریزانان تا دوا چرکە بە یەکگرتوویی مانەوە و هاوکاری یەکتر بوون.
سەبارەت بە کەشوهەوای یاریگاکەش، یاریزانەکە ڕایگەیاند، کە ئەو کەشەی بینیویەتی باشترین بووە لە کاروانی نێودەوڵەتیدا، سەرباری ئەوەی کە هاندەرانی مەکسیک بە شێوەیەکی دوژمنکارانە مامەڵەیان کردووە، بەڵام بێلینگهام ستایشی ئەو گەلەی کرد کە هێندە بە پەرۆشن بۆ تۆپی پێ و پشتگیری تیپەکەیان دەکەن.
ئەم سەرکەوتنە بە وەرچەرخانێک لە شێوازی یاری و دەروونی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دادەنرێت، کە ئامادەییان بۆ کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی مۆندیالی 2026 دووپات کردەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا