ئێران: کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی لە وڵاتانی دۆست دەکڕین

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران
محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاشکرای دەکات کە تاران خەریکی داڕشتنی پلانێکی نوێیە بۆ پڕچەککردنی سوپا و پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربازیی ناوخۆیی.

پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی و کڕینی چەک

محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازیی نوێیە لە ناوخۆدا و لە هەمان کاتدا پلانێکی تۆکمەیان هەیە بۆ کڕینی کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی لەو وڵاتانەی کە وەک دۆستی ئێران هەژمار دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئامرازە جەنگییەکان نەوەستاوە.

دەرسەکانی جەنگ و یەکخستنی بەرەکان

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاشکرای کرد کە جەنگی ڕابردوو خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئێرانی بۆ دەرخستوون. یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی تاران لەم ماوەیەدا، یەکخستنی هەموو بەرەکانی "مقاوەمە" بووە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جەنگەکە وایکردووە ئێران زیاتر درک بە گرنگیی گەرووی هورمز بکات، نەک تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیشەوە.

ئامادەیی هێزە جیاوازەکان

ئەکرەمی نیا دووپاتی کردەوە کە سەرجەم هێزە زەمینی، ئاسمانی، دەریایی و بەرگرییەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەیی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی کتوپڕ. ڕاشیگەیاند کە بۆ پڕچەککردنی ئەو هێزانە و بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی سەربازی، بەرنامە و پلانی وردیان داناوە و لە داهاتوودا هەنگاوی جدی بۆ جێبەجێکردنیان دەنێن.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا