لەکاتی سکچوون و ڕشانەوەدا ئەم گیراوەیە بخۆرەوە
ساڵانە لە وەرزە گەرمەکاندا، حاڵەتەکانی سکچوون و ڕشانەوە زیاددەکەن، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی وشکبوونەوە و ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، مەترسی لەسەر ژیانی کەسە تووشبووەکە دروستدەکات.
گرنگە بزانرێت کە لەکاتی سکچوون و ڕشانەوەی زۆردا، تەنیا ئاو لە جەستە ناچێتە دەرەوە، بەڵکو کانزا و خوێیە گرنگەکانیش لەدەستدەدەین، هەربۆیە پێویستە ئێمە جێگەی ئەم خوێیانە بە گیراوەیەک بگرینەوە.
ORS ئەو گیراوەیەیە کە ئەو خوێ و شەکر و کانزایانەی تێدایە کە جەستە پێویستی پێیانە، ئەم گیراوەیە لە هەموو دەرمانخانەیەک دەستدەکەوێت و نرخێکی کەمی هەیە.
خۆ ئەگەر کاتێکی گونجاو نەبوو یان زۆر کتوپڕ تووشی وشکبوونەوە بوویت و نەتتوانی بچیتە دەرمانخانە و ئەم گیراوەیە بکڕیت، باشتر وایە خۆت لە ماڵەوە دروستی بکەیت.
چۆنێتیی دروستکردنی گیراوەی ORS لە ماڵەوە:
- لیترێک ئاو بکوڵێنە و چاوەڕێ بکە تاوەکو سارد دەبێتەوە
- شەش کەوچکی چا لە شەکر بکە ناو ئاوەکەوە
- پاشان نیو کەچکی چا خوێی تێبکە
- پاش هەموو توالێتێک گرنگە پەرداخێک بۆ دوو پەرداخ لەم گیراوەیە بخۆیتەوە
- پێویستە پاش 24 کاتژمێر لە دروستکردنی، ئەگەر مابووەوە فڕێی بدەیت و گیراوەیەکی نوێ دروست بکەیت
- نابێت شەکری زیاتری تێبکەیت، چونکە سکچوونەکە خراپتر دەکات، ناشبێت خوێی زیاتری تێبکەیت، چونکە زیان بە ئەندامەکان دەگەیەنێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە نابێت لەگەڵ هیچ شەربەت و خواردنەوەیەکی دیکە تێکەڵ بکرێت
گرنگە بزانرێت کە ئەو گیراوەیەی لە دەرمانخانەکاندا هەن، کاریگەرتر و وردتر کاردەکەن بەراورد بەو گیراوەیەی لە ماڵەوە دروست دەکرێت، هەربۆیە دەتوانیت تەنیا لە کاتە کتوپڕەکاندا خۆت دروستی بکەیت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا