یونیسێف: لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 330 منداڵ لە سوودان کوژراون و بریندار بوون
ڕێکخراوی یونیسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاماری قوربانیانی منداڵ لە سوودان ڕایگەیاند، شەڕ لە سوودان لە نێوان سوپا و هێزی پشتیوانیی خێرا لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی لانیکەم 330 منداڵ.
بەئامانجگرتنی منداڵان لە سوودان
شێڵدن یێت، بەڕێوەبەری یونیسێف لە سوودان لەبارەی مەترسییەکانی سەر ژیانی منداڵان گوتی، منداڵان لە ماڵەکانیاندا، لەسەر ڕێگەوبانەکان، لە بازاڕەکاندا و لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک پەروەردە و چاودێریی تەندروستی، دەکوژرێن و بریندار دەبن.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان
ڕاگەیەندراوەکەی یونیسێف لەکاتێکدایە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاریدا لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکرێت، سەبارەت بە پێشێلکاری و ئەنجامدانی تاوان لە شاری ئەبیەزی سوودان و داوای ئاگربەستێکی گشتگیری کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە وڵاتەکە.
دۆخی مرۆیی شاری ئەبیەز و مەترسیی گەمارۆ
شاری ئەبیەز، 500000 دانیشتووی هەیە و ماڵی نزیکەی 100000 ئاوارەیە، ئێستا لە لێواری چارەنووسێکی هاوشێوەی شاری فاشردایە، بەو پێیەی بۆ چەندین مانگە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە گەمارۆ دراوە، کە گرووپێکی چەکدارە و لە نیسانی 2023ـەوە لەگەڵ سوپای سووداندا لە شەڕدایە.
نیگەرانییەکان لە ئەنجامدانی تاوانی بەرفراوان
لە بڕیارنامەیەکدا ئەنجوومەنەکە نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی، سەبارەت بە مەترسیی ئەنجامدانی تاوانی بەرفراوان، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە لە شارەکە.
سەرکۆنەکردنی توندوتیژیی سێکسی و بەکارهێنانی برسییەتی
ڕێکخراوەکە بە توندی سەرکۆنەی ئەنجامدانی بەربڵاوی دەستدرێژیی سێکسی و شێوازەکانی دیکەی توندوتیژیی سێکسی کرد و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە برسیکردنی خەڵکەکە وەک شێوازێکی جەنگ.
پێویستیی هەنگاوی بەرجەستە بۆ لێپرسینەوە
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لەبارەی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکان ڕایگەیاند، تەنیا دەربڕینی نیگەرانی بەس نییە و دەبێت هەنگاوی بەرجەستە بنرێت بۆ پشتگیریکردنی لێپرسینەوە لەم تاوانانە.
داواکاری بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ
هاوکات بڕیارنامەکە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و گشتگیری لە هەموو ئەو لایەنانە کرد کە لە سوودان لە شەڕدان.
تێکدانی ژێرخانی شارەکە و ململانێ بۆ مانەوە
هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر شاری ئەبیەز چڕکردووەتەوە و هێزی سەربازیی زیاتریان لە دەوروبەری شارەکەدا جێگیر کردووە، وێستگەکانی کارەبا و کۆگاکانی سووتەمەنی و دامەزراوەکانی ئاویان لەکارخستووە و ژیانی ڕۆژانە لە شارەکە بووەتە ململانێیەک بۆ مانەوە، کە ئەمەش هەمان ئەو سیناریۆیە پێش کۆنترۆڵکردنی شاری فاشر ڕوویدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا