چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک پەرلەمانتارى دیکە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا پارێزبەندیی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار هەڵگرتووە و باس لەوەش دەکرێت ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە لە داهاتوودا پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت.
لێدوانی گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی
دیلان غەفوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هەڵگرتنی پارێزبەندی بابەتێکی یاساییە و لە دەسەڵاتی پەرلەمانتاراندایە.
پشتبەستن بە هەڵمەتی دژە گەندەڵی
دیلان غەفوور لەبارەی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە گوتیشی، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش وەک یەکەم لایەن پشتیوانیی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە و پارێزبەندیی لەسەر 9 پەرلەمانتار هەڵگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان یەکلانەبووەتەوە تاوەکو بزانن کێ تۆمەتبارە و قەبارەی گەندەڵییەکان چەندە.
ڕوونکردنەوەی ئەمینداری ئەنجوومەنی نوێنەران
هەروەها سەفوان گەرگەری، ئەمینداری ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا بە نووسراوی فەرمی ئاگادار نەکراونەتەوە لەوەی چەند پەرلەمانتار دەستگیرکراون یاخود پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە.
وردەکارییەکانی "هەڵمەتی بەرەبەیان"
لە هەڵمەتی بەرەبەیان کە ڕۆژی 28ـی حوزەیران ئەنجامدرا، 21 پەرلەمانتار و بەرپرس لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوت دەستگیرکران و هێشتا هێزە ئەمنییەکان بەدوای 26 کەسایەتیی دیکەی هەڵاتووەوەن کە لەنێویاندا 3 پەرلەمانتار هەیە.
ڕەتکردنەوەی پاکتاوی سیاسی
چەند پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرایان کردووە، لە ماوەی داهاتوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت، ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەتی دەکاتەوە، ئەوەی لە دژی تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵی دەکرێت پاکتاوی سیاسی بێت.
قۆناغی دووەمی هەڵمەتەکە
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، قۆناغی دووەمی "هەڵمەتی بەرەبەیان" ناوی تازە لە تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵی دەگرێتەوە.
داواکاریی پەرلەمانتاران
هاوكات پەرلەمانتاران داوا دەکەن هەڵمەتە تۆمەتبارە گەورەکانی دۆسیەی گەندەڵی تەنیا گەندەڵە بچووکەکان نەگرێتەوە.
هەڵوێستی ئەندامێکی پەرلەمان
زەحا لعێبی سەدخان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕێکارەکانی حکومەت دەکەن، کە بوونەتە هۆی ئاشکراکردنی ژمارەیەک لە دۆسیەکانی گەندەڵی و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پتەوکردنی سەروەریی یاسا.
بەردەوامیی ڕێکارەکان
زەحا لعێبی سەدخان لەبارەی بەردەوامیی ئەم ڕێکارانەوە گوتیشی، هاووڵاتییانی عێراق نایانەوێت ڕێکارەکان کاتی بن، بەڵکو دەیانەوێت ببێتە بەرنامەیەکی هەمیشەیی و هەمووان بەبێ جیاوازی بگرێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا