20 ڕۆژە گەنجێک لە ڕووباری سیروان خنکاوە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هەڵمەتی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە لە ڕووباری سیروان بەردەوامە
هەڵمەتی گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە لە ڕووباری سیروان بەردەوامە

ئەمڕۆ 20 ڕۆژ بەسەر خنکانی گەنجێکی 26 ساڵ لە ڕووباری سیروان تێدەپەڕێت، بەڵام سەرەڕای گەڕانی بەردەوام تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و گومان دەکرێت لەژێر ئاوەکە بە قووڵایی پێنج مەتر گیری خواردبێت.

کەمکردنەوەی تیمەکانی گەڕان

ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکی تیمی مەلەوانی لە بەرگریی شارستانیی گەرمیان لەبارەی پرۆسەی گەڕانەکەوە بە کەناڵ8ـی گوت: "ئێستا تەنیا یەک تیم دەگەڕێت بەدوای تەرمی گەنجەکەدا لەکاتێکدا پێشتر بە زیاتر لە پێنج تیم گەڕان بەردەوام بووە". هۆکاری کەمبوونەوەی گەڕانەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، "چاوەڕوانی چاککردنی ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەکەین بۆ کەمبوونەوەی ئاستەکەی و ئاسانبوونی گەڕان".

گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکە بە شۆفڵ و حەفارە

ماوەی هەفتەیەک زیاترە بە شۆفڵ و حەفارە ڕێڕەوی ئاوی ڕووبارەکە لە نزیک پڕۆژەی مارینای گەشتیاری لە گەرمیان پاک دەکەن، بەوپێیەی گومان دەکرێت لەژێر ئاوەکەدا گیری خواردبێت. ئەنوەر ئیبراهیم لەبارەی قووڵایی ئەو شوێنەی کاری لێ دەکرێت گوتیشی: "ئەو ناوچەیەی شۆفڵ و حەفارە کاری لێ دەکرێت، پێنج بۆ 10 مەتر قووڵە".

بەربەستەکانی بەردەم دۆزینەوەی تەرمەکە

ناوبراو، لێڵی ئاوەکە بە هۆکارێک دەزانێت بۆ ئەوەی کە نەتوانراوە لەو ناوچەیەی گومانی لێ دەکەن، تەرمەکە بدۆزرێتەوە، لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئاوەکە تەرمەکەی بردبێت، ئەو باسی لەوە کرد، ڕێڕەوی ئاوەکە چەندین تەنکایی لەبەردەمیدا دروست دەبێت و ئەگەر ئاو بردبێتی دەبوو لەوێ بگیرسێتەوە.

ناسنامەی گەنجە خنکاوەکە و چاوەڕوانیی کەسوکاری

گەنجەکە ناوی ئەحمەد لوقمانە و 26 ساڵ بووە، ڕۆژی 17ـی حوزەیران لە کاتی ڕاوەماسیدا خنکا و هێشتا کەسوکارەکەی بەدیار ڕووبارەکەوە دانیشتوون بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەسەر تەرمی کوڕەکەیان.

ئاماری گشتیی خنکان لە هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 36 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکان تۆمارکراون.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا