سبەی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و دوو ڕۆژ دەخایەنێت

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
گەیشتنی مارک رووتە، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناسراو بە ناتۆ بە ئەنقەرە و پێشوازیکردنی لە لایەن هالوک گۆرگون، سەرۆکی دەزگای پیشەسازی بەرگری تورکیاوە. فۆتۆ: AFP
گەیشتنی مارک رووتە، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناسراو بە ناتۆ بە ئەنقەرە و پێشوازیکردنی لە لایەن هالوک گۆرگون، سەرۆکی دەزگای پیشەسازی بەرگری تورکیاوە. فۆتۆ: AFP

حەوت و هەشتی تەمموز لە شاری ئەنقەرە، بە بەشداری دەیان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، لوتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت و تێیدا باس لە پرسی ئۆکرانیا، پیشەسازیی بەرگریی و ئاسایشی وڵاتانی ڕێکخراوەکە دەکرێت.

32  وڵاتی ڕێکخراوەکە و 100 وەزیر بەشداری لوتکەکە دەکەن

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 32 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکە و 100 وەزیری وڵاتان بەشداری لوتکەکە دەکەن. هاوکات سەرۆکی چەند وڵاتێکی دیکەی دەرەوەی ناتۆ و ئوسترالیا، ژاپۆن، نیوزلەندا و کۆریای باشووریش بەشدار دەبن.

بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی پیشەسازی و بەرگری

لە میانەی لوتکەکەدا، کۆڕبەندیی پیشەسازیی بەرگرییش بەڕێوەدەچێت و لوتکەکەش بە وتاری مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ دەسپێدەکات. پاش ئەویش، جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا وتاریان دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکاش بەشداری دەکات

ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە تەواو بوون، کە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش بەشداری تێدا بکات.

بۆ پێشوازیکردن لە میوانەکان سێ فرۆکەخانە ئامادەکراون.

بڕیارە لە لوتکەکەدا جگە لە جەنگی ئۆکرانیا، باس لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی ناتۆ، پرسەکانی ناوچەکە و جیهان و پیشەسازیی بەرگریی ڕێکخراوەکە بکرێت.

نزیکەی سێ هەزار ڕۆژنامەوان ڕووماڵی دەکەن

حکومەتی تورکیا دەڵێت، نزیکەی سێ هەزار ڕۆژنامەوان ڕووماڵی لوتکەکە دەکەن و 56 هەزار و 288 کارمەندی ئەمنیی ئاسایشی لوتکەکە دەپارێزن، کە 639 کەسیان کارمەندی پاراستنی ئەلیکترۆنی، حەوت هەزار و 447 کەسیان جەندرمە و 48 هەزار و 841 کەسیان کارمەندی ئاسایشن.

لوتکەکە لە 18 خاڵەوە و لەڕێگەی 96 کامێراوە دەگوازرێتەوە، هاوکات 100 خاڵ بۆ پەخشی ڕاستەوخۆ دانراوە. لەناو سەرۆکایەتیی کۆماریش، هەزار و 800 شوێن بۆ ڕووماڵ و 40 ژوور بۆ مۆنتاژکردن دانراون..

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا