قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکوەزیرانى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئێدی ڕاما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی و گەشتوگوزار
بە گوێرەى ڕاگەیێندراوى نووسینگەى ڕۆژنامەوانى قوباد تاڵەبانى، لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ دووشەمە، 6ـى تەممووزى 2026، بە ئامادەبوونی هەر یەک لە دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمى کوردستان، بەڕێوەچوو، باس لە چۆنییەتی دروستکردنی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان هەردوولادا کرا.

ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی ئەلبانیا
قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا، ستاییشی هەوڵەکانی حکومەتی ئەلبانیای کرد لە بوارەکانی چاکسازی و نوێکردنەوە و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا کە بەهۆی ئەم هەوڵانەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری دروست بووە.
جەختکردنەوە لە کاری هاوبەش
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر کاری هاوبەش بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان کەرتی تایبەتی ئەلبانیان لەگەڵ کەرتى تایبەتى هەرێمى کوردستان، بە تایبەتیش لە بوارەکانی گەشتوگوزار و وەبەرهێنان دا.
چیرۆکی پێشوازیکردن بە کالەی سپییەوە
سەرۆکوەزیرانى ئەلبانیا، لە ژیانى سیاسیی خۆیدا، هەمیشە حەزى بە گۆڕانکاریی و جیاوازییە، بۆیە چیرۆکی ئەو کالە سپییانەى لەپێى شاندى هەرێمى کوردستان و ئەلبانیادایە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، ویستویەتی ئەو ستایلە تەقلیدییە بشکێنێت و بڕوای وایە سیاسەتمەدار دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و جلوبەرگی ئاسایی و ڕۆژانەی لەبەر بێت.




2 کاتژمێر پێش ئێستا