شیروان دووبەردانی: سبەی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

ژوان نیزام 1 کاتژمێر پێش ئێستا
شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی
شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی

ئەندامێکى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سبەی پارە بۆ مووچەى مانگى حوزەیرانى مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی لە لقی هەولێری بانکی فیدڕاڵی.

هێشتا پەرلەمانتاران مووچەیان وەرنەگرتووە

شیروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی حکومەتى عێراق کێشەى نەختینەى هەیە و تاوەکو ئێستا پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانى ئەنجوومەنەکە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵام سبەی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

وەزیری دارایی یەکەی ژمیریایی وەزارەتەی ئاگادارکردووەتەوە

هاوکات، بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، وەزیرى دارایی عێراق یەکەى ژمێریاریى وەزارەتەکەى ئاگادارکردووەتەوە بۆ ناردنى تەمویلى مووچەى مانگى حوزەیرانى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، بە لێبڕینى 120 ملیار دینار وەک داهاتى نانەوتیی.

ڕێکارەکان 24 کاتژمێری پێویستە

هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، ڕێکارەکانى ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، 24 کاتژمێری پێویستە و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژى سێشەممە، پارە بخرێـە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی.

پرسى داهاتى نانەوتیی لەنێوان هەولێر و بەغداد

ئەوەش لەکاتێکدایە، پرسى داهاتى نانەوتیی لەنێوان هەولێر و بەغداد بەگوێرەى ڕێککەوتنى مانگى تەمموزى 2025ـە، کە 120 ملیار دینار دیاریکراوە، هەرکات لێکتێگەیشتنى تەواو لەسەر بڕى ئەو داهاتە دروست بوو، ئەوکات بەغداد لەسەر بنەماى تەرازووى پێداچوونەوە و دۆخى داهات، بڕیار دەدات کەمبکرێتەوە یاخود وەک خۆى بمێنێتەوە، تاوەکو ئەوکاتەى یاساى بودجەى 2027 پەسەند دەکرێت.

هەرێمى کوردستان مانگى ڕابردوو 50 ملیار دینارى وەک داهاتى نانەوتیی بە کاش خستە سەر لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراق، بەڵام بەغداد بۆ تەواوکارى داهاتى نانەوتیی 120 ملیار دینارەکەى مەقاسە کردبوو.

وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان، پاش وەرگرتنى تەمویلى مووچەى مانگى ئایار جەختى لەوەکردەوە کە قەرزیان کردووە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچە، پاش سێ هەفتە لە دابەشکردنى مووچەى مووچەخۆران، مووچەى مامۆستایانى گرێبەست و فەرمانبەرانى دابەشکرد، کە بۆ 51 هەزار مووچەخۆر، 43 ملیار دینارى پێویستە.

ژوان نیزام

1 کاتژمێر پێش ئێستا