بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە 120 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا
بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا

کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە دەستیان کردووەتەوە بە بەرهەمهێنان، ئێستا ڕۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەیە، هاوکات هەناردەى نەوتیش بۆ 70 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.

بڕی 50 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی لێ گلدەدرێتەوە

بەگوێرەى ڕێککەوتنى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان و عێراق، بەرهەمهێنانى نەوت هەرچەند بێت بڕى 50 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى لێ گلدەدرێتەوە بۆ سووتەمەنى.

زیادبوونی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان

هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان لە 20 هەزار بەرمیل بۆ 70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە.

بەرپرسێک لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، "هەناردەى نەوت لە بەندەرى جەیهانەوە گەیشتووەتە 265 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان

ڕاشیگەیاند، "کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستانەوە بەرهەمهێنانیان دەستپێکرووەتەوە و لەبرى 20 هەزار بەرمیل لە ئێستادا 70 هەزار بەرمیل بە تێکڕا ڕادەستى سۆمۆ دەکرێت و دەگاتە بەندەرى جەیهان، هەروەها 195 هەزار بەمیل لە ڕۆژێکدا لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە لە ڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت".

زیادبوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی بەرهەمهێنانی نەوت

ئەوەشى دووپاتکردەوە، کۆمپانیا نەوتییەکان ڕۆژ لەدواى ڕۆژ بەرهەمهێنانى نەوت زیاد دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایى ئەم مانگە هەناردەی نەوت بگەنە 120 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. گوتیشى" بە فەرمى بە حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیێنراوە دەبێت هەناردەیان بگەیەننەوە ئاستى پێش جەنگى ئێران کە بە تێکڕا 200 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا".

بڕی ئەو نەوتەی لە بەسرەوە بە تانکەر دەگاتە کەرکوک

بەرپرسەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئەوەشى خستەڕوو، لە ماوەى ڕابردوودا بە تانکەر ڕۆژانە 90 بۆ 95 هەزار بەرمیل نەوتى خاو لە بەسرەوە دەگەیشتە کەرکووک و دەخرایە کۆگاکانى کەى وەنەوە، کە بەشى زۆرى ئەو نەوتە بۆ پاڵاوگەى بێجى بوو، بەڵام پاش زیادکردنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان ئێستا ئەو بڕەى لە بەسرەوە دێت کەمکراوەتەوە بۆ 45 بۆ 50 هەزار بەرمیلى رۆژانە".

خواستی عێراق بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە

ئەوەشى ڕوونکردەوە، عێراق دەیەوێت هەناردەى نەوت لە هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستان بگەیەنێتە 375 بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کە 200 هەزار بەرمیلى لە کێڵگەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان و ئەوى دیکەى لە کێڵگە نەوتییەکانى کەرکووکەوە بێت.

کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و عەلی زەیدی

لە 3ـى حوزەیران، شاندى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى محەممەد کەمال، وەزیرى سامانە سرووشتییەکان، لەگەڵ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوونەوە بە ئامادەبوونى پێنج کۆمپانیاى نەوتى خۆماڵى و بیانى، کە سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڵێنیدا پارێزگارى لە ئەمنى لە کێڵگە نەوتییەکان و کارمەندەکانیان بکات ئەگەر هەر هێرشێک لە ناوخۆى عێراق ڕووبدات، هەر لە کۆبوونەوەکەدا شاندى حکومەت و کۆمپانیاکان بەڵێنیان بە عەلى زەیدى دابوو بەرهەمهێنانى نەوت دەستپێبکەنەوە و هەناردەى نەوتیش زیاد بکەن.

ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان

لە پاش جەنگى ئێران لە 28ـى شوباتى ئەمساڵ کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان بەرهەمهێنانیان ڕاگرت، لەڕووى زانستیی کێڵگە نەوتییەکانەوە ناتوانرێت فشاریان لێ بکرێت وەک پێش جەنگی ئێران بەرهەمی نەوتیان هەبێت، بەڵکو کاتی دەوێت تاوەکو دەگەنەوە ئاستی پێش جەنگی ئێران.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 28ـی حوزەیران کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن لە کێڵگەی ئەتروش و لە کێڵگەى نەوتى شێخان، گۆڵف کیستۆن، هاوکات لە کێڵگەکانى تاوکێ و پێشخابور، دی ئێن ئۆى نەرویجى، 26ـی حوزەیران دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا