ئەنجوومەنى نوێنەران خوێندنەوەى یەکەمی بۆ چوار پێشنیازەیاسا کرد
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدا، خوێندنەوەى یەکەم بۆ چوار پێشنیازەیاسا کرا، یەکێک لەو پێشنیازەیاسایانە، کڕینى سیستمى بەرگریى ئاسمانیى عێراق بووە کە لەلایەن لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پێشکەش کرابوو.
خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازەیاساى تاوانەکانى تەکنەلۆجیاى زانیاریى
فەرمانگەى ڕاگەیاندنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازەیاساى تاوانەکانى تەکنەلۆجیاى زانیاریى کرا کە لەلایەن لیژنەى ئاسایش و بەرگری و یاساییەوە پێشکەش کرابوو کە ئامانج لێى دۆزینەوەى سیستمێکى سزادانە بۆ ئەو کەسانەى تاوانى تەکنەلۆجیى زانیاریى ساغ دەبێتەوە بەسەریاندا بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە دامەزراوەکانى حکومەت و دەستبردن بۆ ژیانى تایبەتى خەڵک و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانى و سەروەریى نیشتمانى.
پێشنیازەیاساى برەودان بە سیستمى بەرگریى ئاسمانیى عێراق
لە بەشێکى دیکەی ڕاگەیێنراوەکەى فەرمانگەى ڕاگەیاندنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاماژە بەوە کراوە، هەر لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنەکەدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازەیاساى برەودان بە سیستمى بەرگریى ئاسمانیى عێراق کرا کە لەلایەن لیژنەى ئاسایش و بەرگرییەوە پێشکەش کراوە و ئامانج لێى پاراستنى سەروەریى خاک و ئاسمانىى عێراقە.
گرنگی پڕۆژە یاساکە
جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، پێشنیازەیاساکە ڕێگری دەکات لەو هەڕەشانەى لەڕێگەى درۆن و مووشەک و چەکە دوور مەوداکانەوە دەکرێنە سەر ئاسمانى عێراق و بودجەى پێویست بۆ کڕینى سیستمى بەرگریى ئاسمانى و گەشەپێدان و بەکارخستن و نۆژەنکردنەوەیان تەرخان دەکات.
پێشنیازەیاساى هەموارکراوى چاودێریى نەوجەوانان
لە بەشێکى دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە هەر لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازەیاساى هەموارکراوى چاودێریى نەوجەوانان و خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازەیاساى هەموارکراوى پارێزەران کراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا