سەعد مەعن: سبەینێ ڕێوڕەسمی فەرمیی ماڵئاوایی تەرمی عەلی خامنەیی بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ڕێوڕەسمی فەرمیی ماڵئاوایی لە تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران بەڕێودەچێت و چوارشەممە ڕێوڕەسمی جەماوەری لە نەجەف و کەربەلا دەبێت.
سەرجەم ئامادەکارییە ئەمنییەکان کۆتاییهاتووە
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی، "سەرجەم ئامادەکارییە ئەمنییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران کۆتاییهاتووە و ئێوارەی سێشەممە ڕێوڕەسمی فەرمی بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای ئێران بەڕێوەدەچێت".
کاتەکانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جەماوەری لە نەجەف و کەربەلا
بە گوتەی سەعد مەعن، ڕێوڕەسمی جەماوەری بۆ ماڵئاوایی لە تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران، کاتژمێر 6ـی بەیانی لە نەجەف و 4ـی ئێوارە لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت.
درێژی مەودای ڕێوڕەسمەکە لەوشارە شەش کیلۆمەترە
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە درێژەی قسەکانی گوتی " ڕێوڕەسمی فەرمیی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ئێوارەی سێشەممە لە پارێزگای نەجەف دەستپێدەکات، بە ئامادەبوونی کەسایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هەروەها شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی ڕێوڕەسمەکە دەبێت، هەموو ئامادەکارییە ئەمنییەکان تایبەت بەو ڕێوڕەسمە کۆتاییهاتووە، ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی جەماوەریی، ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر 6ـی بەیانی لە نەجەف لە پردی نەخۆشخانەی سەدرەوە دەستپێدەکات، تاوەکو مەزاری ئیمام عەلی، بە گۆڕەپانی سەدرەین و پردەی شۆڕشی بیستەمدا تێدەپەڕێت، ڕێوڕەسمەکە لە نەجەف لە گۆڕەپانی مەیدان لە شاری کۆن کۆتایی دێت، درێژی مەودای ڕێوڕەسمەکە لەوشارە شەش کیلۆمەترە، هەر هەمان ڕۆژ ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر 4ـی ئێوارە لە شارى کەربەلا دەستپێدەکات، لە شەقامی ئەبومەهدی موهەندیسەوە بۆ یەکتربڕی سەیدجۆدە و ڕێگەی پارێزگا و یەکتربڕی دادگا و دواتر سەردانیکردنی مەزاری هەردوو ئیمام کە مەوداکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر و 800 مەتر دەبێت"
هەزاران ڕۆژنامەوان ڕووماڵی ڕێوڕەسمی پێشوازیی لە تەرمى خامنەیی دەکەن
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێوڕەسمە گەورەیە شایەنی ئەوەیە لەڕووی میدیاییەوە گرنگییەکی گەورەی پێبدرێت، بۆیە هەزار ڕۆژنامەوانی ناوخۆیی و بیانی بەشداریی تیادا دەکەن.
نزیکەی هەشت هەزار داواکاریی ڕۆژنامەوانییان بە دەستگەیشتووە
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەى هەشت هەزار داواکاریی ڕۆژنامەوانییان بۆ ڕوماڵکردنی ئەو ڕێوڕەسمە بەدەستگەیشتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆڵەت بە سێ هەزار و 370 ڕۆژنامەوان دراوە، کە 670 ڕۆژنامەوانی عەرەبی و بیانی تیادایە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا