بافڵ جەلال تاڵەبانی: داوای یەکێتی، داوای خەڵکە بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی دادپەروەر و بەهێز
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیان تاووتوێ کرد.
پێشوازیکردن لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی دواین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان کرا.
هەماهەنگی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا
لە بەشێکی دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان سەرجەم لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرایەوە، بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە جیاوازەکاندا.
بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنە بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان خرانەبەر باس و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کرا.
بنەماکانی پێکهێنانی حکومەت لە ڕوانگەی یەکێتییەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند کە داوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای خەڵکە بۆ باشترکردنی شێوازی حکومڕانی و گەیشتن بە حکومەتێکی دادپەروەر و بەهێز کە توانای خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکانی هەبێت بەبێ جیاوازی. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان دەیانەوێت هاوبەشیی راستەقینە ببێتە بنەمای سەرەکیی کارکردن لە کابینەی نوێی حکومەتدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا