عەلى سیستانی بەشداری لە ڕێوڕەسمى ماڵئاوایى لە تەرمى خامنەیی لە نەجەف ناکات

عەبدول محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی سیستانی، رێبەری باڵای شیعەکانی عێراق
عەلی سیستانی، رێبەری باڵای شیعەکانی عێراق

محەممەد ڕەزا سیستانی ڕایگەیاند، عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایى لە تەرمى عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران لە نەجەف ناکات.

باری تەندروستی ڕێگەی پێ نادات

نووسینگەى محەممەد ڕەزا سیستانی ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، مافی باوکم ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی بوو، کە نوێژ لەسەر تەرمی ڕێبەری شەهیدی شۆڕش بکات، بەڵام باری تەندروستی ڕێگەی پێنادات ئەو کارە بکات.

نوێنەری سیستانی نوێژ لەسەر تەرمی خامنەیی دەکات

بەگوێرەى بەشێک لە میدیاکانى عێراقى نزیک لە مەرجەعییەت، محەممەد تەقى حەکیم، زاناى دیاری ئایینى، بە نوێنەرایەتى سیستانى، نوێژ لەسەر تەرمى خامنەیى دەکات.

تەرمی خامنەیی دێتە شارەکانی نەجەف و کەربەلا

چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژى سێشەممە تەرمی خامنەیی بگاتە شاری نەجەف و نوێژی لەسەر بکرێت و دواتر دەبرێتە پارێزگاى کەربەلا و پاشان دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران و لە شاری مەشهەد بەخاک دەسپێردرێت.

ئایەتوڵا عەلی سیستانی، لە ساڵی 1930 لەدایکبووە (تەمەنی 96 ساڵە)، بە گەورەترین مەرجەعی ئایینی شیعەکان لە عێراق و یەکێک لە دیارترین مەرجەعەکان لە جیهانی شیعە دادەنرێت.

خاوەنی نفوزێکی ئایینی بەرفراوانە، بەڵام هیچ پۆستێکی سیاسی یان جێبەجێکاری لە دەوڵەتی عێراقدا نییە.

پێگەی سیساتی

پێگەی سیستانی جیاوازە لە پۆستی ڕێبەری باڵا لە ئێران، بەوپێیەى ڕێبەری ئێران مەرجەعییەتی ئایینی و سەرکردایەتی سیاسی و سەربازیی دەوڵەت پێکەوە کۆدەکاتەوە و سەرپەرشتی هێزە چەکدارەکان و سوپای پاسداران و سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەت دەکات، لە کاتێکدا ڕۆڵى سیستانی تەنیا لە مەرجەعییەتی ئایینی و ڕێنمایی فەقهیدا کورت دەکرێتەوە.

عەبدول محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا