چارەنووسی شەش کۆچبەری کورد لە لیبیا نادیارە
پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر بێسەروشوێنبوونیان، چارەنووسی ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە لیبیا و دەریای ناوەڕاست بە ناڕوونی ماوەتەوە و داوا لە بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ دەکرێت، چارەنووسى ئەو کۆچبەرانە ئاشکرا بکات.
گومان دەکرێت لە کاتی پەڕینەوەیان لە دەریای ناوەڕاست دیار نەمابن
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند، لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، چارەنووسی 6 کۆچبەری کورد نادیارە، کە گومان دەکرێت لە کاتی پەڕینەوەیان لە دەریای ناوەڕاستدا دیارنەمابن.
داوایەک لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان
نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان داوا لە بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ دەکات، چارەنووسى ئەو کۆچبەرانە ئاشکرا بکات، بەپێویستیشى دەزانێت، پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ کەسوکارى کۆچبەرەکان بکرێت لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین، بەمەبەستى ئاشکراکردنى چارەنووسى کۆچبەرەکان.
کۆکردنەوەی زانیاری
دەشڵێت، ئەم داوایە بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر ئەو کەسانەی لە سنووری وڵاتی لیبیاوە بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتوون و پەیوەندییان پچڕاوە.
ئاماری قوربانییەکانی کۆچ لە ساڵی 2024 وە
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، 1370 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
2 کاتژمێر پێش ئێستا