عێراق و ئێران؛ مێژووی پەیوەندییە ئایینییەکان لە ململانێوە بۆ هەژموون

ئاڵای عێراق و ئێران
ئاڵای عێراق و ئێران

پەیوەندییە ئایینییەکانی نێوان بەغداد و تاران لە سەدەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵی بەسەردا هاتووە؛ لە قۆناغێکدا سەردانیکردنی مەزارگەکان بە "خیانەت" دەبیندرا و ئێستا ساڵانە ملیۆنان کەس بەبێ ڤیزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆ دەکەن.

سەردەمی بەعس؛ ئایین وەک هەڕەشە

لە نێوان ساڵانی 1968 تا 2003، دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق لە دەستی دەستەبژێرێکی عەرەبی سوننەدا بوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979، ڕژێمی بەعس دەسەڵاتی نوێی تارانی وەک هەڕەشەیەکی مەزهەبی دەبینی. سەدام حسێن پێی وابوو ئێران دەیەوێت شۆڕشەکەی هەناردەی عێراق بکات و زۆرینەی شیعە لە دژی دەسەڵاتەکەی ئەو هان بدات، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی 8 ساڵە.

پچڕانی کۆمەڵایەتی و قەدەغەکردنی زیارەتکاران

لە سەردەمی بەعسدا، پەیوەندیی ئایینی لە نێوان شیعەی عێراق و ئێران وەک "خیانەت" تەماشا دەکرا. ڕژێمەکە حیزبە شیعەکانی وەک "دەعوە"ی قەدەغە کرد و سەردانیکردنی مەزارگەکانی نەجەف و کەربەلای لە هاووڵاتییانی ئێران قەدەغە کرد. ئەم ڕێکارانە بوونە هۆی دروستبوونی پچڕانێکی گەورەی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کە بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوو.

وەرچەرخانی 180 پلەیی دوای 2003

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، هاوکێشەی پەیوەندییەکان بە تەواوی گۆڕا. ئەو حیزب و سەرکردە شیعە عێراقییانەی پێشتر لە ئێران پەنابەربوون، بوونە دەسەڵاتداری نوێی وڵات. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ تاران تا هەژموونێکی بێوێنە لە عێراقدا دروست بکات، کە لە ساڵی 2014 و لە کاتی شەڕی داعشدا بەهۆی پشتگیریی سەربازیی ئێران بۆ حەشدی شەعبی گەیشتە لووتکە.

هەژموونی ئێستا و وابەستەیی ئابووری

لە ئێستادا، ساڵانە ملیۆنان زیارەتکاری ئێرانی بەبێ ڤیزە دێنە عێراق بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان. لە ڕووی ئابووریشەوە، عێراق بووەتە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی کاڵای ئێرانی و بۆ دابینکردنی گاز و کارەباش پشت بە تاران دەبەستێت. ئەم نزیکایەتییە وایکردووە نەیارانی ناوخۆیی و دەرەکی، دەسەڵاتی ئێستای عێراق بە پاشکۆی سیاسیی ئێران ناوببەن، هەرچەندە بەغداد جەخت لە سەربەخۆیی بڕیارەکانی دەکاتەوە.

دابەشبوونی نێوخۆیی ماڵی شیعە

لە ڕووی پەیڕەوییەوە، لە ئێستادا شیعەی عێراق بووەتە دوو بەشی سەرەکی. بەشێکیان بە "شیعەی وەلائی" دەناسرێن کە شوێنکەوتووی ڕێبازی ویلایەتی فەقیهـ و عەلی خامنەیین. بەشەکەی دیکە بە "شیعەی نەجەفی یان نیشتمانی" ناودەبرێن کە شوێنکەوتووی عەلی سیستانین و جەخت لە ناسنامەی نیشتمانیی عێراق و سەربەخۆیی دامەزراوە ئایینییەکانی نەجەف دەکەنەوە.