محەممەد حاجی مەحموود: خوێنی خامنەیی بووە هەوێنی کۆکردنەوەی گەلانی ئێران
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی عەلی خامنەیی کرد و ڕایگەیاند، پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی ئێران شکستی هێناوە و داوای ئازادکردنی زیندانیانیش دەکات.
بەشداری بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران لە تاران ئامادە بوو. ناوبراو وتارێکی بە زمانی فارسی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا کردووە تاوەکو خەم و نیگەرانیی خەڵکی کوردستان بەو وڵاتە بگەیێنێت.
شکستی پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل
لە وتارەکەیدا، محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل مەبەستیان بووە لە ڕێگەی کوشتنی عەلی خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی سەربازی و سیاسی، کۆتایی بە ئێران بهێنن و وڵاتەکە لەناوبەرن. جەختی لەوەش کردەوە کە خوێنی ئەوان بووە هەوێنی کۆکردنەوەی تەواوی خەڵکی ئێران و وڵاتانی دۆستی ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیل.
داواکاری بۆ دەرکردنی لێبوردنی گشتی
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوایەکی ئاڕاستەی موحسین ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کرد و داوای کرد چاو بە سزای زیندانییاندا بخشێننەوە. حاجی مەحموود گوتی: "داوا دەکەم چاوپۆشی لە زیندانیان بکەن و لێبوردنیان بۆ دەربکەن، چونکە ڕۆڵی گەلی ئێران لە هاتنە سەر شەقام دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، کەمتر نەبووە لە ڕۆڵی هێزە چەکدارەکان".
ئازادکردنی زیندانیان بەبۆنەی ڕێوڕەسمەکەوە
لە کۆتایی وتارەکەیدا، محەممەد حاجی مەحموود جەختی کردەوە کە پێویستە ئەو کەسانەی لە زینداندان، بەم بۆنەیەوە و بەبۆنەی پیرۆزیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئازاد بکرێن، وەک پاداشتێک بۆ ئەو هەڵوێستە جەماوەرییەی گەلی ئێران لەم دۆخەدا نیشانیانداوە.
5 کاتژمێر پێش ئێستا