نووسینگەی سیستانی: باری تەندروستی ڕێگە نادات ئایەتوڵا نوێژ لەسەر تەرمی خامنەیی بکات
مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە ڕێبەری پێشووی ئێران ناکات و زانایەکی دیکەی ئایینی بۆ ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەر تەرمەکە ڕاسپێردراوە.
ڕاگەیێنراوی نووسینگەی مەرجەعی باڵا
محەممەد ڕەزا سیستانی، کوڕی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئایەتوڵا عەلی سیستانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران لە نەجەف ناکات. لە ڕاگەیێنراوی نووسینگەکەیدا هاتووە، هەرچەندە مافی سیستانی بوو کە نوێژ لەسەر تەرمەکە بکات، بەڵام باری تەندروستی ڕێگەی پێنادات ئەو کارە ئەنجام بدات.
نوێنەرایەتیکردنی سیستانی لە نوێژی مردوودا
بەپێی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکانی نزیک لە مەرجەعییەت، بەهۆی ئامادەنەبوونی عەلی سیستانی، "محەممەد تەقی حەکیم" کە یەکێکە لە زانا دیارەکانی ئایینی، بە نوێنەرایەتی مەرجەعی باڵا نوێژی مردوو لەسەر تەرمی خامنەیی دەکات.
ڕێڕەوی گواستنەوەی تەرمەکە
بڕیار وایە ڕۆژی سێشەممە تەرمی خامنەیی بگاتە شاری نەجەف و لەوێ نوێژی لەسەر بکرێت. دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکان لە نەجەف، تەرمەکە دەبرێتە پارێزگای کەربەلا و پاشان دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران، تاوەکو لە شاری مەشهەد لە مەراسیمێکی کۆتاییدا بە خاک بسپێردرێت.
پێگەی سیستانی و جیاوازی لەگەڵ خامنەیی
ئایەتوڵا عەلی سیستانی، لە ساڵی 1930 لەدایکبووە و تەمەنی 96 ساڵە، وەک گەورەترین مەرجەعی ئایینی شیعەکان لە عێراق و جیهان دەبینرێت. پێگەی سیستانی تەنیا لە چوارچێوەی مەرجەعییەتی ئایینی و ڕێنمایی فەقهیدایە و هیچ پۆستێکی سیاسی یان سەربازی لە دەوڵەتی عێراقدا نییە، ئەمەش جیاوازە لە پێگەی ڕێبەری باڵا لە ئێران کە تێیدا مەرجەعییەتی ئایینی و سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی لە یەک کەسدا کۆدەکرێتەوە.
5 کاتژمێر پێش ئێستا