لە ئەنقەرەوە بەرەو 2035؛ ناتۆ نەخشەڕێگایەکی نوێی بەرگری و ملیاران دۆلار بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت

کەناڵ8 5 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە ژوورەکانی ئەفسەرانی تورکیا بۆ کۆنترۆڵ و پاراستنی کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئەنقەرە. فۆتۆ: AFP
یەکێک لە ژوورەکانی ئەفسەرانی تورکیا بۆ کۆنترۆڵ و پاراستنی کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئەنقەرە. فۆتۆ: AFP

لووتکەی 36ـەمی ناتۆ لە ئەنقەرە بە ئامادەبوونی 32 وڵات دەستیپێکرد؛ تێیدا هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بودجەی بەرگری بۆ 5%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و بەردەوامیی پاڵپشتییەکان بۆ ئۆکرانیا تاوتوێ دەکرێن.

لووتکەی ئەنقەرە و ئامانجە نوێیەکانی ناتۆ

ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، میوانداریی 36ـەمین لووتکەی ناتۆ دەکات بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردەی 32 وڵاتی ئەندام. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە داڕشتنی نەخشەڕێگەی هاوپەیمانییەکەیە بۆ داهاتوو و تاوتوێکردنی دەیان پرسی ئەمنی و دارایی کە ڕووبەڕووی وڵاتانی ئەندام و جیهان دەبنەوە.

بەرزکردنەوەی بودجەی بەرگری بۆ 5%

یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی لووتکەکە، پرسی بودجەی سەربازییە. هەوڵێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی هەموو وڵاتانی ئەندام پابەند بکرێن بە تەرخانکردنی 5%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان (GDP) بۆ کەرتی بەرگری تاوەکو ساڵی 2035. مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، چاوەڕوانە دەوڵەتان پلانی ڕوون و باوەڕپێکراو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێشکەش بکەن.

فشاری ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا

مارک ڕووتە ئاشکرای کرد کە هەفتەی ڕابردوو چاوی بە دۆناڵد ترەمپ کەوتووە و باسیان لە پێویستیی زیادکردنی بودجەی بەرگری لەلایەن ئەورووپییەکان و کەنەدییەکانەوە کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی مەترسییەکانی ڕووسیا و پوتن، سەرۆک ترەمپ زۆر بە توندی هانی ناتۆی داوە کە وڵاتانی ئەندام پشکی شایستەی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی کیشوەرەکەدا لە ئەستۆ بگرن.

پاڵپشتیی دارایی بۆ ئۆکرانیا

جەنگی ئۆکرانیا تەوەرێکی دیکەی گەرمی گفتوگۆکانە. سەرکردەکانی ناتۆ کار دەکەن بۆ داڕشتنی پابەندبوونێکی دارایی و سەربازیی درێژخایەن بە بەهای ملیاران دۆلار بۆ کیێڤ. هەرچەندە پرسی بە ئەندامبوونی فەرمیی ئۆکرانیا لە ناتۆدا هێشتا وەک بابەتێکی هەستیار و بێ بڕیاری کۆتایی لە ناو هاوپەیمانییەکەدا ماوەتەوە.

داواکارییەکانی تورکیا و پرۆگرامی F-35

تورکیا وەک وڵاتی خانەخوێ، هەوڵ دەدات سەرنجی ناتۆ بۆ مەترسییەکانی سنووری باشوور و ناسەقامگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ڕابکێشێت. هەروەها بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ شاندی ئەمریکا تاوتوێی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەکەن بۆ دووبارە بەشداربوونەوەی تورکیا لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35ـی ئەمریکی.

کۆتاییهاتنی لووتکەکە

بڕیارە لووتکەی ئەنقەرە لە 8ـی تەمموزدا کۆتایی پێ بێت. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا، سەرکردەکان ڕاگەیێنراوێکی هاوبەش بڵاوبکەنەوە کە تێیدا هەڵوێستی یەکگرتووی ناتۆ و ستراتیژی هاوپەیمانییەکە بۆ ساڵی داهاتوو دیاری بکرێت.

کەناڵ8

5 کاتژمێر پێش ئێستا