میدیای تورکیا: 250 ملیۆن دۆلار بۆ ئامادەکارییەکانی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە خەرجکراوە
بۆ میوانداریکردنی سەرکردەکانی ناتۆ، تورکیا بڕی 250 ملیۆن دۆلاری لە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانە و ڕێگەوبانەکانی ئەنقەرە خەرج کردووە؛ تێچووەکە تەنیا بۆ ژێرخانە و خەرجییەکانی ئاسایش و ڕۆژانی کۆبوونەوەکە ناگرێتەوە.
بودجەی تەرخانکراو بۆ ژێرخانی ئەنقەرە
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، بۆ بەشێک لە ئامادەکارییەکانی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، تەنیا بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەخانەی ئەتیمەسگوت، نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکان و سەوزکردنی ژینگە، بڕی 11 ملیار و 579 ملیۆن و 319 هەزار لیرە خەرجکراوە. ئەم بڕە پارەیە دەکاتە نزیکەی 247 ملیۆن و 315 هەزار و 600 دۆلاری ئەمریکی، کە ماوەی چەند مانگێکە وەک ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ پێشوازی لە سەرکردەکانی ناتۆ تەرخان کراوە.
وردەکاریی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانە و ڕێگەکان
لەو پارەیەی بۆ ژێرخانی لووتکەکە خەرج کراوە، بڕی 118 ملیۆن و 218 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی ئەتیمەسگوتی ئەنقەرە بووە. هەروەها 84 ملیۆن و 821 هەزار دۆلار بۆ نوێکردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکان تەرخان کراوە. هاوکات بڕی ملیۆنێک و 494 هەزار دۆلاریش تەنیا بۆ سەوزکردنی ڕێگە و ئەو شوێنانە خەرجکراوە کە ئۆتۆمبێلی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و میوانەکانی دیکەی پێدا تێدەپەڕێت.
ئەو خەرجییانەی لە بودجەکەدا نەژمێردراون
میدیای تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم تێچووە تەنیا بۆ ئامادەکردنی ژێرخانی پێویست بووە بۆ لووتکەکە. ئەو بودجەیە خەرجییەکانی ڕۆژانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان ناگرێتەوە، کە بریتین لە دابینکردنی ئاسایش، خواردن، سووتەمەنی و کارە بارە لۆجستییەکانی دیکە. تێچووی ئاسایشی لووتکەکە و ڕۆژانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان بە جیا تەرخان کراوە و لەم ئامارەدا هەژمار نەکراوە.
5 کاتژمێر پێش ئێستا