تورکیا؛ سکەیەکی 5 لیرەیی تایبەت بە لووتکەی ناتۆ دەخرێتە بازاڕەوە
بەبۆنەی میوانداریکردنی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، حکومەتی تورکیا بڕیاریدا سکەیەکی یادگاریی 5 لیرەیی بە بڕی نیو ملیۆن دانە لێبدات، کە هاوشێوەی پارەکانی دیکە لە مامەڵەی ڕۆژانەی بازاڕدا بەکاردەهێنرێت.
لێدانی 500,000 سکەی یادگاری
بەپێی ڕاگەیێنراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لێدانی سکە و چاپی پولی تورکیا، وەک یادەوەرییەک بۆ بەڕێوەچوونی 36ـەمین لووتکەی ناتۆ، بڕیار دراوە نیو ملیۆن دانە لە سکەیەکی تایبەتی 5 لیرەیی لێبدرێت. تاوەکو ئێستا 100,000 دانەی لێدراوە و بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا 400,000 دانەی دیکە چاپ بکرێت.
مامەڵەکردن بە سکە نوێیەکە لە بازاڕەکاندا
ئەم سکە نوێیەی 5 لیرەیی تەنیا بۆ مەبەستی نمایش یان کۆکەرەوەکانی دراو نییە، بەڵکو دەخرێتە نێو بازاڕەکانەوە. هاووڵاتییان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەتوانن وەک هەر پارەیەکی دیکە، لە ژیانی ڕۆژانە و بۆ کڕین و فرۆشتن بەکاریبهێنن، چونکە بە فەرمی وەک دراوێکی یاسایی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نەخش و تایبەتمەندییەکانی سکەکە
لەسەر لایەکی سکە نوێیەکە، لۆگۆی ناتۆ، بەرواری بەڕێوەچوونی لووتکەکە و وێنەی کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا نەخشێنراوە و دەستەواژەی "لووتکەی ئەنقەرە"ی لەسەر نووسراوە. لایەکەی دیکەی سکەکە، ئاڵای تورکیای پێوەیە و بە نووسینی گەورە "5 لیرەی تورکی" لەسەر جێگیر کراوە.
5 کاتژمێر پێش ئێستا