ترەمپ قەیسى و فستقى کوردستان دەخوات

عەدنان ئەحمەد 5 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە خوانی تایبەت بۆ ترەمپ لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە
دیمەنێک لە خوانی تایبەت بۆ ترەمپ لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە

تورکیا لە لووتکەی 36ـەمی ناتۆدا، باشترین بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی باکووری کوردستان و ناوچەکانی دیکە پێشکەشی سەرکردەکانی جیهان دەکات؛ قەیسی مەڵەتی و فستقی دیلۆک لە پێشەنگی ئەو خواردنانەن کە بۆ میوانەکان تەرخانکراون.

دیارترین خواردنەکانی باکووری کوردستان لە لووتکەی ئەنقەرە

ئەمڕۆ 7ـی تەممووز، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، 36ـەمین لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ دەستیپێکرد. تورکیا لە ڕێگەی ئەم لووتکەیەوە دەیەوێت ئەو میوە و چەرەسانە پێشکەشی میوانە نێودەوڵەتییەکان بکات کە لە ئاستی جیهاندا ناوبانگێکی گەورەیان هەیە، بەتایبەت قەیسی و فستقی باکووری کوردستان کە وەک دوو میوەی سەرەکیی سەر مێزی میوانەکان دیاریکراون.

مەڵەتی؛ پایتەختی قەیسیی جیهان لە پێشوازیی میوانەکاندایە

یەکێک لەو خواردنانەی لە لووتکەکەدا پێشکەش دەکرێت، قەیسی پارێزگای مەڵەتی باکووری کوردستانە. مەڵەتی بە "پایتەختی قەیسی جیهان" دەناسرێت؛ لە کۆی 22 ملیۆن دار قەیسی لە تورکیا، 9 ملیۆنیان تەنیا لەو پارێزگایەن. تەنیا لە ساڵی 2024ـدا، نزیکەی 67 هەزار تۆن قەیسی وشک لە مەڵەتییەوە هەناردەی 115 وڵاتی جیهان کراوە، کە بەهاکەی گەیشتووەتە 398 ملیۆن و 809 هەزار دۆلار.

فستقی دیلۆک؛ نهێنیی تامی پاقلاوە بۆ سەرکردەکان

فستقی پارێزگای دیلۆک (غازی عەنتاپ) لە باکووری کوردستان، یەکێکی دیکەیە لەو چەرەسانەی پێشکەشی سەرکردەکانی ناتۆ دەکرێت. ئەم فستقە لە ڕووی جۆریی و تامەوە لە ئاستی جیهاندا بە باشترین دادەنرێت و ساڵی ڕابردوو بە بەهای 178 ملیۆن و 203 هەزار دۆلار هەناردەی 94 وڵات کراوە. بەشی زۆری فستقی دیلۆک لە دروستکردنی پاقلاوەی بەناوبانگی ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێت.

نمایشکردنی بەروبوومە جیاوازەکان بۆ ئاستی جیهان

جگە لە فستق و قەیسی، تورکیا کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی ناوچە جیاوازەکانی پێشکەشی میوانانی ناتۆ کردووە، لەوانە: هەنجیری ئایدن، گوێزی کرشەهیر، ترێی مانیسا، کشمیشی ئیزمیر، فندقی ئۆردو و گیرەسوون، نۆکی چۆروم، چای ڕیزە و لوقمی ئافیۆن. ئامانج لەم هەنگاوە ناساندنی زیاتری ئەم بەروبوومانەیە بە سەرکردە و شاندە باڵاکانی جیهان.

عەدنان ئەحمەد

5 کاتژمێر پێش ئێستا