لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی گرێیەكی ئێجگار گەورە بەسەركەوتوویی ئەنجام درا
تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: تیمە پزیشكییەكانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاریی سلێمانی توانییان لەڕێگەی نەشتەرگەرییەكی تایبەت، دەگمەن و وردەوە كۆتایی بە ئازاری چارەخوازێکی گەنج بهێنن، كە بەدەست بوونی گرێیەكی گەورەوە لە منداڵدانیدا دەیناڵاند، پزیشکەکان هیوای منداڵبوونیان بۆ چارەخوازەکە گەڕاندەوە.
چیرۆكی چارەخوازەکە
چارەخوازەکە خاتونێكی تەمەن 25 ساڵ بوو، كە بەدەست بوونی گرێیەكی ئێجگار گەورە لە منداڵدانیدا دەیناڵاند و ئەو گرێیە ببووە ڕێگرێكی سەرەكی لەبەردەم پڕۆسەی منداڵبوونی چارەخوازەکە، بەهۆی مەترسییەكانی ئەم دۆخە و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر توانای منداڵبوونی چارەخوازەکە، پزیشكان بڕیاریاندا بەپەلە پرۆسەی چارەسەركردن و نەشتەرگەری بۆ چارەخوازەکە دەستپێبكەن.
پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە
پرۆسە پزیشكییەكە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی و بە سەرپەرشتی بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەكە و تیمێكی پزیشكانی پسپۆڕ كە پێكهاتبوون لە د.سۆما تاهیر و د.كانی فەرەیدون، پزیشکانی ژنان و منداڵبوون، پزیشكانی بێهۆشكاری و كارمەندانی تەندروستیی بەشی نەشتەرگەری، نەشتەرگەرییەكە ئەنجام درا. لە ئەم تەكنیكە پزیشكییە وردەدا، تیمەكە توانییان گرێكە بە تەواوی لەناو منداڵدانی چارەخوازەکە دەریبهێنن، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە زیانێك بە شانە و پێكهاتەی منداڵدانەكە بگەیەنن.
سەركەوتنی پرۆسەكە و گەڕانەوەی هیوا بۆ چارەخوازەکە
خۆشبەختانە نەشتەرگەرییەكە بە سەركەوتووییەكی بێ وێنە كۆتایی هات و بارودۆخی تەندروستیی چارەخوازەکە جێگیرە.
5 کاتژمێر پێش ئێستا