بەهۆی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی لە 10 پارێزگای عێراق پشوو ڕاگەیێنرا

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بەهۆی هێنانی تەرمی عەلی خامنەیی لە 10 پارێزگای عێراق پشوو ڕاگەیێنراوە. فۆتۆ: AFP
بەهۆی هێنانی تەرمی عەلی خامنەیی لە 10 پارێزگای عێراق پشوو ڕاگەیێنراوە. فۆتۆ: AFP

بۆ ئاسانکاریی بەشداریی هاووڵاتییان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران، لە 10 پارێزگای عێراق پشووی فەرمی ڕاگەیێنرا کە لە هەندێک ناوچە پشووەکە بۆ ماوەی 2 ڕۆژ دەبێت.

پارێزگاکانی خاوەن پشووی یەک ڕۆژە

بەگوێرەی بڕیاری ئیدارە خۆجێییەکان، لە هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەغداد، نەجەف، زیقار، موسەننا و کەربەلا، سبەی چوارشەممە 8ـی تەممووز بە فەرمی کراوەتە پشوو. ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە تاوەکو دانیشتووانی ئەو شارانە بتوانن بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی و کۆتا ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن.

پشووی دوو ڕۆژە لە چوار پارێزگای دیکە

بەشێکی دیکە لە پارێزگاکانی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی پشووەکەیان داوە. لە پارێزگاکانی دیالە، بابل، میسان و دیوانیە، لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ ماوەی 2 ڕۆژ کراوەتە پشووی فەرمی. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم پشووە تاقیکردنەوەکانی خوێندنگە و زانکۆکان ناگرێتەوە و پرۆسەی تاقیکردنەوەکان وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

گەیشتنی تەرمەکە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، تەرمی عەلی خامنەیی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە بگەیێنرێتە خاکی عێراق. دوای گەیشتنی، ڕێوڕەسمی فەرمیی ماڵئاوایی لە تەرمەکەی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و شاندەکان بەڕێوەدەچێت.

نەخشەی ڕێوڕەسمە جەماوەرییەکان

بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە، ڕێوڕەسمی جەماوەریی ماڵئاوایی لە نەجەف دەستپێدەکات. دواتر لە کاتی ئێوارەدا تەرمەکە دەبرێتە شاری کەربەلا و لەوێش ڕێوڕەسمی ئایینی و جەماوەریی بۆ ئەنجام دەدرێت. دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕێوڕەسمەکان لە عێراق، تەرمەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران و لە شاری قوم بە خاک دەسپێردرێت.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا