بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان: لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دەست بەسەر نزیکەی 2 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لە 6 مانگدا لە عێراق دەست بەسەر نزیکەی 2 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە
لە 6 مانگدا لە عێراق دەست بەسەر نزیکەی 2 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان ئاماری 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵی ڕاگەیاند؛ تێیدا هەڵوەشاندنەوەی 378 تۆڕی بازرگانی و دەستگیرکردنی زیاتر لە 3,500 بازرگانی ئاشکرا کرد.

دەستبەسەرداگرتنی 2 تۆن ماددەی هۆشبەر

عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان بە میدیای فەرمیی ڕاگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ـدا توانراوە دەست بەسەر بڕی 1 تۆن و 977 کیلۆگرام و 522 گرام ماددەی هۆشبەردا بگیرێت. ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژیی نوێی دەزگا ئەمنییەکان بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق.

هەڵوەشاندنەوەی 378 تۆڕی بازرگانی

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە چڕەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا 378 تۆڕی تێوەگلاو بە تاوانەکانی بازرگانیکردن و بە قاچاغبردن لە سەرتاسەری وڵاتدا هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هەوڵە ئەمنییەکان نیشان دەدات.

دەستگیرکردنی 3,553 بازرگان و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان

بەپێی ئامارەکان، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 3,553 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. لەو ژمارەیە، 58 سزادراویان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 236 سزادراوی دیکەشیان سزای زیندانیکردنی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، کە ئەمەش توندکردنەوەی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر بە بازرگانان دەسەلمێنێت.

ئاماری سزاکان لە ساڵی 2023ـەوە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان ڕوونیکردەوە، لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، دادگای تاوانەکان لە سەرتاسەری عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ 362 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکردووە. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ دەرچووە گەیشتووەتە 1,500 سزادراو.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا