عەباس عێراقچی: تاوەکو هەڕەشەکان بەردەوام بن دانوستان ناکەین

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان لە هیچ هەڕەشەیەک ناترسن و مەرجی دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا، ڕاگرتنی هەڕەشەکانە.

"ئێران لە هەڕەشەکان ناترسێت"

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، بەشداریی ملیۆنان هاووڵاتیی ئێران بە یەکگرتوویی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، پەیامێکی ڕوونە. جەختیشی کردەوە کە نە گەلی ئێران و نە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە لە هیچ هەڕەشەیەک ناترسن.

مەرجی دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو هەڕەشەکان بەردەوام بن، وڵاتەکەی دانوستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام نادات. عێراقچی نووسیویەتی، خاڵی 13ـی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە ڕوون و ئاشکرایە و نابێت لە ژێر هەڕەشەدا گفتوگۆ لەسەر بڕگەکانی دیکە بکرێت.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران

شەوی 17 لەسەر 18ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ کرد. لە خاڵی 13ـیەمی ئەو یاداشتنامەیەدا هاتووە، دوای واژۆکردنی یاداشتەکە، ئەمریکا و ئێران دەست دەکەن بە دانوستان لەسەر بڕگەکانی دیکە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا