ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا 15 خولەک پێش تەقینەوەکانی دیمەشق هۆتێلەکەی جێهێشتووە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
چەند گۆشەیەک لە تەقینەوەکانی نزیک شوێنی مانەوەی ماکرۆن لە شاری دیمەشقی سووریا
چەند گۆشەیەک لە تەقینەوەکانی نزیک شوێنی مانەوەی ماکرۆن لە شاری دیمەشقی سووریا

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد، بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرەیەک بۆمبی چێنراو لە نزیک هۆتێلی مانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن لە سووریا تەقێنراونەتەوە و سەرۆکی فەرەنسا تەنیا بە چەند خولەکێک لەو هێرشانە ڕزگاری بووە.

تەقینەوە لە نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاویکردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 07-07-2026، ژمارەیەک بۆمبی چێنراو لە نزیک ئەو هۆتێلەی شاری دیمەشق تەقێنراونەتەوە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا شەوی ڕابردوو تێیدا ماوەتەوە. هۆتێلەکە دەکەوێتە نزیک بارەگای وەزارەتی گەشتوگوزاری سووریا و بەهۆی تەقینەوەکانەوە زیان بە ناوچەکە گەیشتووە.

ڕزگاربوونی ماکرۆن لە هێرشەکە

میدیاکانی سووریا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیمانوێل ماکرۆن و شاندی یاوەری تەنیا 15 خولەک پێش تەقینەوەکان هۆتێلەکەیان بەجێهێشتووە و بەرەو شوێنی کۆبوونەوەکانیان بەڕێکەوتوون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک، بەڵام هیچ زیانێک بەر سەرۆکی فەرەنسا و شاندەکەی نەکەوتووە.

کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع

دوای ڕووداوەکە، ئیمانوێل ماکرۆن بە سەلامەتی گەیشتووەتە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا لە دیمەشق. بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و دیمەشق.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا