بەغداد 120 ملیار دینار لە مووچەی مانگی شەش دەبڕێت؛ هەرێم قەرز دەکات

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەغداد 120 ملیار دینار لە مووچەی مانگی شەش دەبڕێت
بەغداد 120 ملیار دینار لە مووچەی مانگی شەش دەبڕێت

بڕیارە لەم ڕۆژانەدا بەغداد تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران ڕەوانە بکات، بەڵام بەهۆی مەقاسەکردنی 120 ملیار دینار، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کورتهێنانی 60 ملیار دینار دەبێتەوە و پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی دەبات.

مەقاسەکردنی 120 ملیار دینار و دروستبوونی کورتهێنان

بەپێی بەدواداچوونەکان، حکومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی لە تەمویلی مووچەی مانگی 6ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت (مەقاسە بکات). لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان تەنیا 60 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئامادەکراوی لایە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی 60 ملیار دیناری لە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە.

پەنابردن بۆ قەرزی ناوخۆیی

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر بەغداد ئەو 120 ملیار دینارە ببڕێت، حکومەتی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی ئەو 60 ملیار دینارەی کە کورتهێنانە، ناچار دەبێت پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات تاوەکو بتوانێت مووچەی مانگی حوزەیران بە تەواوی دابەش بکات.

بارگرانیی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست

یەکێکی دیکە لە ئاڵنگارییە داراییەکان، دابینکردنی مووچەی 51,000 مووچەخۆرە لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست و هەمیشەیی کە دوای تەممووزی 2024 دامەزراون. حکومەتی هەرێم مانگانە 43 ملیار دینار بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکات، ئەمەش وایکردووە کۆی ئەو پارەیەی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە و شایستە داراییەکان پێویستە، بگاتە زیاتر لە 100 ملیار دینار.

ئامارەکانی مانگی ئایار و پشکی پارێزگاکان

لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ڕادەستی بەغداد کردبوو، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بۆ تەواوکردنی بڕی 120 ملیار دینارەکە، 70 ملیار دیناری دیکەی لە تەمویلی مووچە بڕی و 890 ملیار دیناری ڕەوانە کرد. لەو 50 ملیار دینارەی وەک داهاتی نانەوتی درا بە بەغداد، 20 ملیار دیناری پشکی پارێزگای سلێمانی و 30 ملیار دیناری پشکی هەولێر و دهۆک بووە.

کورتهێنانی دارایی لە سلێمانی و هەولێر

بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی ئایار 38 ملیار دینار کورتهێنان هەبووە، کە 10 ملیار و 265 ملیۆن دیناری بۆ بودجەی سیادی تەرخانکراوە. لە بەرامبەردا پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک 42 ملیار دینار کورتهێنانیان هەبووە بۆ دابینکردنی مووچە، وێڕای تەرخانکردنی 14 ملیار و 735 ملیۆن دینار بۆ بودجەی سیادیی هەرێمی کوردستان.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا