د. ڕێبوار کەریم بۆ کەناڵ8: ئەمڕۆ یان سبەی بەغداد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە دەکات
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەزیری دارایی بانگهێشت دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە؛ ئەندامێکی لیژنەکەش ئاشکرای دەکات کە تەمویلی مانگی شەش بە لێبڕینی 120 ملیار دینارەوە دەگاتە هەولێر.
بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمی بانگهێشتی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە. ئامانجی ئەم بانگهێشتکردنە تاوتوێکردنی کێشە داراییەکان و پرسی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. د. ڕێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا داوای ڕوونکردنەوە لە وەزیر دەکات سەبارەت بەوەی کەی "یاریی" ناردن و نەناردنی مووچە بە تەواوی کۆتایی دێت و پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.
کاتی گەیشتنی تەمویلی مووچە
بەپێی زانیارییەکانی د. ڕێبوار کەریم کە لە وەزارەتی داراییەوە پێی دراوە، بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی بەغداد تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات. هاوکات شیروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشتر بۆ کەناڵ8ـی پشتڕاست کردەوە کە سەرەڕای کێشەی نەختینە لە حکومەتی فیدراڵ و وەرنەگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی ئەنجوومەن، بەڵام بڕیار دراوە ئەمڕۆ تەمویلی مووچەی هەرێم بکرێت.
لێبڕینی 120 ملیار دینار لە تەمویلەکە
وەزیری دارایی عێراق یەکەی ژمێریاریی وەزارەتەکەی ئاگادارکردووەتەوە بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان. ڕێکارەکە بەو شێوەیە دەبێت کە بڕی 120 ملیار دینار لە کۆی تەمویلەکە دەبڕدرێت، ئەمەش وەک بەرانبەری داهاتی نانەوتیی ناوخۆ کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.
ڕێککەوتنی داهاتی نانەوتی تاوەکو 2027
پرسی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەولێر و بەغداد بەپێی ڕێککەوتنی مانگی تەممووزی 2025 بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بڕی 120 ملیار دینار جێگیر کراوە. بڕیارە ئەم بڕە وەک خۆی بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی لێکتێگەیشتنی نوێ لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوە و دۆخی داهات دروست دەبێت، یان تاوەکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2027.
2 کاتژمێر پێش ئێستا