توێژینەوەیەکی نوێ: پیسبوونی هەوا گۆڕانکاریی بۆماوەیی لە تۆودا دروستدەکات
لە یەکێک لە نوێترین و گەورەترین توێژینەوەکانی تایبەت بە وەچەخستنەوەدا دەرکەوتووە، پیسبوونی هەوا کاریگەریی لەسەر بۆماوەماددەی تۆو هەیە و شێوازی کارکردنیان دەگۆڕێت.
لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە کە هەندێک پیسکەری هەوای باو هۆکاربوون بۆئەوەی گۆڕانکاری بەسەر تۆودا بێت، بە جۆرێک کاریگەریی خستووەتە سەر کارکردن و کارنەکردنی جینەکان، ئەمەش دەکرێت هۆکارێکی نەزۆکی بێت.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پزیشکانی وەچەخستنەوە و کۆرپەزانیی ئەوروپا پێشکەشکران، تیایدا هەریەکێک لە دوانەئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆزۆنیان بە دوو لە سەرەکیترین پیسکەرەکانی هەوا ناساند کە بەرپرسن لەم گۆڕانکارییانە.
لە توێژینەوەکەدا زیاتر لە دوو هەزار پیاو لە نێوان ساڵەکانی 2013-2017ـدا بەشداربوون، لەو ماوەیەدا چەند جارێک نموونەی تۆویان لێوەرگیرا.
پێشتر زانرابوو کە پیسبوونی هەوا دەکرێت هۆکارێکی زیادبوونی نەزۆکی بێت لە پیاواندا، بەڵام نەزانرابوو چۆن و بۆچی.
لەم توێژینەوەیەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە کەمێک ڕوونبوونەوە و توێژەران دەڵێن، ئەم ماددانە لە ڕێگەی گۆڕینی بۆماوەماددەی تۆوەوە، چالاکبوون و ناچالاکبوونی جینەکان کۆنترۆڵ دەکەن، بەمەش نەزۆکی دروستدەبێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، توێژینەوەی زیاتر پێویستن بۆ دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی پیاوان و توانای وەچەخستنەوەیان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا