بەم شێوازانە تامێسکەکەت چارەسەر بکە
تامێسک یەکێکە لەو جۆرە برینانەی کە زۆرینەی خەڵکی ئەزموونی دەکەن، هۆکاری ئەم گرفتەش ڤایرۆسی هیومەن سیمپلێکسە.
ڤایرۆسی هیومەن سیمپلێکس، ئەو ڤایرۆسەیە کە زۆرینەمان لە مناڵیدا بەرکەوتنمان هەبووە لەگەڵی و تووشی بووین، بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە لە پاش ئەوەی تووشی بوویت، لە جەستەدا دەمێنێتەوە و ناچێتە دەرەوە، ئەگەر هەر هەلێکیش دروست ببێت چالاک دەبێتەوە و دەبێتەهۆی دروستبوونی تامێسک.
بە گشتی تامێسک لەو کاتانەدا دروستدەبێت کە بە هۆکارێک سیستمی بەرگریی جەستە لاواز دەبێت و ڤایرۆسەکە چالاک دەبێت، بۆ نموونە کاتێک لە خەو ڕادەچڵەکیت(سترێسێکی کتوپڕە)، یان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ گوشاری دەروونیی زۆرت هەبێت، خۆری زۆرت بەرکەوتبێت یان زەبرێکت بەربکەوێت، هەموو ئەمانە دەکرێت ببنەهۆی چالاکبوونەوەی ڤایرۆسەکە و دروستبوونی تامێسک.
بەزۆری تامێسک لەسەر بەشی دەرەوەی لێو دروستدەبێت، بەڵام دەکرێت لەسەر ڕوومەت و لووتیش دەربکەوێت.
دەتوانم ڕێگری لە دروستبوونی تامێسک بکەم؟
پێش ئەوەی تامێسک دروستببێت و ببێت بە برین، چەند نیشانەیەک لە شوێنەکەیدا دەردەکەون وەکو؛ کزانەوەی شوێنەکە و خوورانی یان کەمێک هەست بە ئازار دەکەیت، ئەگەر لەم کاتەدا دەستبەجێ کرێمی دژەڤایرۆس بەکاربهێنیت، بە ئەگەری زۆرەوە زیادبوونی ڤایرۆسەکە دەوەستێنیت و نابێت بە برین، ئەم کرێمە لە دەرمانخانەکاندا دەستدەکەوێت و پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشک نییە.
ناوی کرێمەکە: Acyclovir Cream , over-the-counter Abreva (Docosanol)
ئەم کرێمانە لە ماوەی 48 کاتژمێری سەرەتای تووشبووندا کاریگەرن.
ئەگەر تووشی تامێسک بووم چیبکەم؟
گرنگە شوێنی تامێسکەکە بە ڤازلین شێدار بکەیتەوە، ئەمەش بۆئەوەی پێستی ئەو شوێنە ئەوەندە وشک نەبێتەوە و بە ئاسانی نەتەقێت، چونکە لەو کاتەدا خوێنبەربوون دروستدەبێت و ساڕێژبوونەوەی تامێسکەکە درەنگتر دەکەوێت.
ئەگەر برینەکە خوێنی لێهات، نابێت بە هیچ جۆرێک کرێمی دژەڤایرۆس، سووراو و دژەخۆری لێبدرێت، بەڵکو باشترە بە خاولییەکی پاکی سارد فشاری بخرێتە سەر و هەوڵی وەستاندنی خوێنەکە بدرێت.
پاش وەستاندنی خوێنبەربوونەکە، دەتوانیت ڤازلینی لێبدەیت.
پاش ماوەیەک برینەکە چاکدەبێتەوە و شوێنەکەی پەمەیی دەبێت، لەم کاتەدا زۆر گرنگە شێدارکەرەوەیەکی لێو بەکاربهێنرێت کە دژەخۆری تێدابێت، ئەمەش بۆئەوەی بەرکەوتنی خۆر نەبێتەهۆی تۆخبوونەوەی جێبرینەکە و وەکو پێشتری لێبێتەوە.
ئەگەر بەمانەش باش نەبووەوە، باشترە سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا