ماکرۆن بەڵێنی هاوکاریی سووریا دەدات و شەرعیش دەیەوێت پاریس ببێتە یەکەم هاوبەشیان لە بازاڕە جیهانییەکاندا
کۆبوونەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر کۆتاییهات؛ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و هاوبەشیی ئابووری کردەوە، هاوکات پاریس بەڵێنی پشتگیریکردنی دیمەشقی دا لە پڕۆژە هەرێمییەکاندا و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی پەنابەران.
گەڕانەوەی ڕۆڵی هەرێمیی سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەبارەی گەڕانەوەی پێگەی وڵاتەکەی و هاوبەشیی لەگەڵ فەڕەنسا ڕایگەیاند: "سووریا لە ڕێگەی پێگە جوگرافییەکەیەوە ڕۆڵە کاریگەرەکەی بۆ گەڕاوەتەوە و دەمانەوێت فەڕەنسا یەکەم هاوبەشمان بێت لە بازاڕی ڕێڕەوە جیهانییەکاندا".
بەڵێنەکانی فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لەبارەی دۆخی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و سووریا گوتی: "کاردەکەین بۆ ئەوەی سووریا ببێتە پڕۆژەیەکی هەرێمی، فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپاش بەڵێنی هاوکاریی سووریایان داوە".
پێکهێنانی لیژنەی ئابووری و پرسی پەنابەران
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش و چارەنووسی پەنابەران ڕایگەیاند: "لیژنەیەکی ئابووریی هاوبەش لەگەڵ سووریا دروست دەکەین و دۆخێکی لەبار بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سووریا دەخوڵقێنین".
2 کاتژمێر پێش ئێستا