تورکيا کۆمەڵگەيەکی گەورەی سەربازیی هاوشێوەی پنتاگۆنی ئەمریکا دروستدەکات

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی پرۆژەی ئای یڵدز (مانگ و ئەستێرە)ی تورکیا بۆ کۆکردنەوەی دامەزراوە سەربازییەکان هاوشێوەی پنتاگۆنی ئەمریکا
دیمەنێکی پرۆژەی ئای یڵدز (مانگ و ئەستێرە)ی تورکیا بۆ کۆکردنەوەی دامەزراوە سەربازییەکان هاوشێوەی پنتاگۆنی ئەمریکا

لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی لوتکەی ناتۆدا لە ئەنقەرە، تورکیا سەرقاڵی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێی گەورەی سەربازییە لەو وڵاتە کە بە "پنتاگۆنی تورکیا" ناودەبرێت، کۆمەڵگەکە بەشێک لە کارەکانی جێبەجێکراوە و بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی بەرگریی ناتۆ و بەرپرسانی سەربازی سەردانی بکەن.

ئامانجی کۆکردنەوەی فەرماندەییەکان لە یەک شوێندا

حکوومەتی ئەنقەرە لەبارەی ئامانجی پڕۆژەی ئای یەڵدز ڕایگەیاندووە: ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە وەزارەتی بەرگری، ئەرکانی گشتی، فەرماندەیی هێزی وشکانی، دەریایی، ئاسمانی لە یەک شوێندا کۆبکاتەوە، لەکاتێکدا ئێستا لە باڵەخانەی جیاوازدا لە پایتەخت کارەکانیان دەکەن.

ناونان و دیزاینی ئەندازیاریی پڕۆژەکە

کۆمەڵگەکە پێیدەوتریت "ئای یەڵدز" واتە مانگ و ئەستێرە، نەخشەکەی هاوشێوەی ئەو مانگ و ئەستێرەیەیە کە لە ئاڵای تورکیادا هەیە، مانگەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی و باڵەخانەکانی دەوروبەری وەک ئەستێرە بە دەوریەوەن دەکەوێتە ناوچەی ئتیمیسگوت لە ئەنقەرە، سەبارەت بە ناوی "پنتاگۆنی تورکیا"ش ناوێکی نافەرمییە و لە میدیاکانی تورکیادا وەک بەراوردکردنی بە پنتاگۆنی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت.

ڕووبەر و توانای لەخۆگرتنی کۆمەڵگەکە

ئای یەڵدز ساڵی 2021 بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەردی بناغەی دانراوە، لەسەر ڕووبەری 12.6 ملیۆن مەتر چوارگۆشە دروستکراوە و توانای لەخۆگرتنی 15 هەزار کەسی هەیە.

پێداویستییەکانی یەکخستنی دامەزراوە سەربازییەکان

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکەدا گوتی: "پەرەسەندنی پێداویستییەکانی بەرگری وایکردووە کە ئەم دامەزراوانە لە ژێر یەک سەقفدا کاربکەن، بۆ ئەوەی ژێرخانی بەهێز و هەماهەنگییان هەبێت لە نزیکەوە".

کۆنبوونی بارەگا سەربازییەکانی ئێستای ئەنقەرە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی مێژووی بینا کۆنە سەربازییەکانەوە باسی لەوەشکرد: بارەگا سەربازییەکانی تورکیا کۆنبوون، مێژووی بیناکانی وەزارەتی بەرگری و ئەرکانی گشتی لە کزیلەی بۆ ساڵانی 1930 دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا بینای فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان لە ساڵی 1937 دروستکراوە، بیناکانی هێزی دەریایی و ئاسمانی لە ساڵی 1960.

تێچوو و قۆناغەکانی تەواوبوونی پڕۆژەکە

ئامارێکی ڕوون لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە تێچووی پڕۆژەکە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت؛ سەرەتا کاری بیناسازی و دواتر کارەکانی ناوەوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2028 تەواوبکرێت.

پێکهاتە و هۆڵەکانی ناو کۆمەڵگەکە

کۆمەڵگەکە چەندین هۆڵی کۆنفڕانس بە قەبارەی جیاواز، گۆڕەپانی ڕێوڕەسمی سەربازی لەسەر ڕووبەری 23 هەزار مەتر چوارگۆشە و هۆڵی پێشوازی تێدایە.

سیستمی بەرگری و تەکنەلۆژیای بیناسازی

لە دروستکردنی پڕۆژەکەدا سوود لە ئامێرە پێشکەوتووەکانی بیناسازی وەردەگیرێت و دیزاینەکەی بەجۆرێکە سیستمی بەرگریی تێدایە لە بەرامبەر هەڕەشە ئەلیکترۆنی، مووشەکی و هەروەها مەترسییە کیمیایی، بایۆلۆژی، تیشک و ئەتۆمییەکان.

پێشوازیکردن لە بەرپرسانی ناتۆ لە بەشی ئەستێرەدا

هەرچەندە پڕۆژەکە ساڵی 2028 تەواودەبێت بەڵام ئێستا بەشێک لە کارەکانی کراوە، بڕیارە لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی لوتکەی دوو ڕۆژەی ناتۆدا لە بەشی ئەستێرەی کۆمەڵگەکەدا بۆنەیەک بەڕێوەبچێت و پێشوازی لە وەزیرانی بەرگری و سەردانیکەران و بەرپرسانی باڵای ناتۆ بکرێت.

پێگەی سەربازیی تورکیا لە هاوپەیمانێتییەکەدا

تورکیا لە ڕووی ژمارەی سەربازەوە دووەم گەورەترین هێزە لە هاوپەیمانیی ناتۆدا لەدوای ئەمریکا و هەوڵدەدات تیشک بخاتە سەر گەشەی کەرتی بەرگریی وڵاتەکەی و هەڵگرتنی سنووردارکردنەکانی بازرگانیی چەک و تەکنەلۆژیای بەرگری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا