لە گەرووی هوورمز هێرشکرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعودیە
سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان لەبارەی بارودۆخی گەرووی هوورمزەوە ڕایانگەیاند، لەو گەرووە هێرشکرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعوودی.
وردەکاریی هێرشەکە بۆ سەر کەشتیی "ودیان"
سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرز لەبارەی بە ئامانجگرتنی کەشتیی "ودیان"یان ڕاگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ودیان کە ئاڵای سعوودیەی لەسەر بووە، لە دەوروبەری گەرووی هوورمز لە نزیک کەناراوەکانی عوممان کراوەتە ئامانج و زیانی بەرکەوتووە، ئەمەش پاش ئەوەی کەشتییەکی قەتەریی کە گازی سروشتیی شلکراو (LNG)ی هەڵگرتبوو لە هەمان ناوچەدا کرایە ئامانج.
دوایین شوێنی بینراوی کەشتییەکە و بێدەنگیی فەرمیی ڕیاز
بەگوێرەی داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان، کۆتا شوێن کە بۆ کەشتیی نەوتهەڵگری "ودیان" دەستنیشانکرابێت، لە 3ی تەممووزدا لە کەنداو بووە، تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی سعوودیە هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەمبارەیەوە نەداوە.
گفتوگۆی وڵاتانی ناوچەکە بۆ گواستنەوەی نەوت لە دەرەوەی هوورمز
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، سعوودیە گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ چەند وڵاتێکی دراوسێیدا ئەنجامداوە بۆ یارمەتیدانی گواستنەوەی نەوت لە دەرەوەی گەرووی هوورمز، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ناسەقامگیری لە هوورمز، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئێران کە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان بوو بە گەرووی هوورمزدا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ.
1 کاتژمێر پێش ئێستا