کاروخ عەبدوڵا: بۆ بە هەمیشەییکردنى مامۆستایانى گرێبەست هەفتەى داهاتوو دەچینە بەغداد
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "بۆ بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست هەفتەی داهاتوو دەچنە بەغداد و لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان قسە دەکەن تاوەکو لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2026 تەرخانی داراییان بۆ دابین بکرێت".
ئاڕاستەکردنی نووسراو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لەبارەی نووسراوی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ حکوومەتی فیدراڵ ڕاشیگەیاند: "بۆ بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە نووسراو دراوەتە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و چاوەڕێی وەڵامنو".
گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
ناوبراو لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هاوژین لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا، باسی لەوەشکرد: پاش ئەوەی لە بەغداد دەگەڕێنەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی هەوڵ و هەنگاوەکانیان ببێتە هۆی ئەوەی تەرخانی دارایی لە پڕۆژە بودجەی 2026ـی عێراق دابین بکرێت و نوێنەرانی کوردیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرگریی لێ بکەن و جێگیر بکرێت.
دەستپێشخەریی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێکی لە بەرواری 6ـی تەمووزی 2026 ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بەمەبەستی بەهەمیشەییکردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.
ناوەڕۆکی داواکارییەکە و پشتبەستن بە دەستوور
بەگوێرەی نووسراوەکە، داوا لە عەلی زەیدی دەکات، هەزاران مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست کە لە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن، داوای بەهەمیشەییکردنیان دەکەین بەو پێیەی ئەوان هاووڵاتیی عێراقین و خاوەنی ئەو مافە دەستوورییانەن، هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش جەختی لێ دەکەنەوە.
پڕکردنەوەی بۆشایی میلاکات لە هەرێمی کوردستان
هەر لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم هەنگاوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە کە لە میلاکی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە، بەهۆی خانەنشینبوونی نزیکەی 70 هەزار کەس لە ساڵانی ڕابردوودا.
ئامار و تێچووی مانگانەی مووچەی گرێبەستەکان
ژمارەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست زیاتر لە 75 هەزار کەسن، کە 51 هەزاریان لەسەر داهاتی ناوخۆ مانگانە 43 ملیار دیناریان بۆ مووچەکانیان دابین دەکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا