دیلان غەفوور: فالح ساری دڵنیاییداوە مووچەی ئەم مانگە خەرج دەکرێت
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق، دڵنیاییداوە مووچەی ئەم مانگەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان خەرج دەکرێت.
هیچ وادەیەک بۆ ناردنی دیاری نەکراوە
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، فالح سارى بانگێشتی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنەکەیان کراوە و تاوتوێی ژمارەیەک پرسیان کردووە و وەک پەرلەمانتارە کوردەکان پرسیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لێکردووە و دڵنیاییداوە مووچە خەرجەدەکرێت، بەڵام هیچ وادەیەکى بۆ ناردنى دیاریی نەکرد.
لەمەودوا ناردنی مووچە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوێت
دیلان غەفوور گوتیشى، داوایان لە وەزیری دارایی عێراق کردووە، وردەکاریی مووچەیان پێبدرێت، لە بەرامبەردا فالح ساری دڵنیاییداوە مووچەی ئەم مانگە خەرج دەکرێت، بەڵام بۆ مانگەکانی دیکە ناردنى مووچە، پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتن نییە
لەبارەی هۆکاری خەرجنەکردنی مووچە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەندانە نییە کە دانراوە و تەنانەت مانگی ڕابردوو، وەزیری دارایی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی مووچەی مانگی حوزەیرانى ناردووە.
دیاترین خاڵی ناکۆکی خەرجکردنی مووچە چییە؟
ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لەخاڵە ناکۆکەکانی خەرجکردنی مووچە، پرسی 120 ملیار دینارەکەیە، چونکە بە گوتەی دیلان غەفوور، هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەی نییە و بە بۆچوونی ئەو، پێویستە بڕگەی داهاتی ناوخۆ هەموار بکرێتەوە و ئەو بڕە جێگیر نەکرێت، بەڵکو بکرێتە خاڵێک بەوشێوەیەی لەگەڵ دەستووری عێراقدا دەگونجێت.
دیلان غەفوور گوتی، وەزارەتی دارایی، شەش پێشنیازەیاسای پێشکەش بە لیژنەی دارایی کردووە بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا یاساکان جێبەجێبکرێن و داهات بەرزبکەنەوە.
سیولە کەمە
دیلان غەفوور ڕاشیگەیاند، عێراق کورتهێنانی داراییەکی زۆری هەیە و سیولەش کەمە.
لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەشەوە ڕایگەیاند، مانگی تشرینی یەکەمی 2026، پڕۆژەیاسای بودجە دێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و ساڵی 2027 عێراق پڕۆژەی یاسا بودجەی دەبێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا