تورکیا لەبارەی کڕینی فڕۆکەی F-35ـی ئەمریکاوە وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە
تورکیا بانگەشەکانی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە کە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35ـی ئەمریکی و بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی بە ئەنقەرە، هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا تێکدەدات و بە زانیاری چەواشەکارانە ناوی برد.
بەشێک لە هەڵمەتێکی زانیاری چەواشەکارانە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە بڵاودەکرێنەوە، بەشێکن لە هەڵمەتێکی زانیاریی چەواشەکارانە.
هەوڵی گۆڕینی سەرنجەکان
وەزارەتەکە هێرشی توندی کردە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و گوتی، نەتانیاهوو و هاوبەشەکانی لە تاواندا، بە ئەنقەست هەر ڕەخنەیەک ئاڕاستەیان دەکرێت، لەڕێگەی هەڵمەتی پڕوپاگەندەوە، دەیشێوێنن و هەوڵی گۆڕینی سەرنجەکان دەدەن.
تێکدانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە
ڕۆژی ڕابردوو، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کرد، فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35 و بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکان بە تورکیا نەفرۆشن، بە بیانووی ئەوەی ئەمە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە تێکدەدات.
هێنانی دیارییەکی بەنرخ بۆ تورکیا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش لووتکەی ناتۆ، ئاماژەی بەوەکرد، دیارییەکی بەنرخ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ ئەنقەرە، ئەویش هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکایە بەو وڵاتە، کە سەرۆکی تورکیا ماوەیەکی زۆرە داوای دەکات.
تورکیا لە ساڵی 2019 لە سیستمی ئێف 35 دوورخرایەوە
ئیسرائیل تاکە وڵاتە لە ناوچەکەدا کە خاوەنی فڕۆکەی ئێف 35ـی ئەمریکا بێت، تورکیاش لە ساڵی 2019 دوای کڕینی سیستمەکانی بەرگریی مووشەکیی ئێس 400ـی ڕووسیا، لە پڕۆگرامی فرۆشتنی ئێف 35ـی ئەمریکا دوورخرایەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا