وەزارەتى دەرەوەى عێراق سەرکۆنەى تەقینەوەکانى دیمەشق دەکات
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەبارەى تەقینەوەکانى ئەمڕۆى دیمەشق، ڕایگەیاند، تەقینەوە "تیرۆریستییەکان" کە دیمەشقى پایتەختى سووریایان کردە ئامانج، سەرکۆنە دەکەن و عێراق هەموو جۆرەکانى تیرۆر و تووندڕەوى ڕەتدەکاتەوە.
پێشێلێکردنی ڕوونە بەرامبەر ئاسایشیی هاوڵاتیان
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لە ڕاگەیێنراوێکدا، ئاماژەى بەوەکردووە، سەرکۆنەى تەقینەوەکانى دیمەشقى پایتەختى سووریا دەکەن و ئەو جۆرە کارە تاوانکارییانە، پێشێلکارییەکى ڕوونە بەرامبەر ئاسایشیی هاوڵاتییانى سڤیل و سەقامگیریی ژیانیان.
ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێک
دەشڵێت، هەڵوێستی عێراق جێگیرە و بەهەموو جۆرێک تیرۆر و تووندڕەوى بە هەر بیانوویەک بێت، ڕەتیدەکاتەوە.
وەستانەوە لە پاڵ سووریا
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، ئەوەشى خستووەتەڕوو، وڵاتەکە لە پاڵ سووریا دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر دەستدرێژییەک و کارێکى "تیرۆریستى" کە بکرێتە سەر ئەو وڵاتە.
بەهۆی تەقینەوەکانەوە 18 کەس بریندار بوون
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـى تەمموزى 2026، لە ڕێگەى دوو بۆمبى چێندراوەوە، دوو تەقینەوە لە نزیک ئەو هۆتێلەى ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا لە دیمەشقى پایتەختى سووریا لێی دەمایەوە هەژاند و بەهۆیەوە 18 کەس برینداربوون، کە یەکێکیان جێگری وەزیری گەشتوگوزار بوو.
درێژەدان بە دیدارەکان لە سووریا
کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ماکرۆن 15 خولەک بەر لە تەقینەوەکە هۆتێلەکەیان جێهێشتبوو، لەو ڕووەوە کۆشکی ئێلیزێ باسی لەوەکردووە، ماکرۆن لە کاتى رۆیشتنی بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، گوێی لە دەنگی هیچ تەقینەوەیەک نەبووە و سەرباری تەقینەوەکان، درێژە بە دیدارەکانی لە سووریا دەدات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا