سووریا و فەرەنسا لەسەر ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکانیان ڕێککەوتن
دوای زیاتر لە 10 ساڵ، سەرۆکانی سووریا و فەرەنسا ڕێککەوتن لەسەر دووبارە ئاڵوگۆڕکردنی باڵیۆزەکانیان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی باڵیۆز
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی ڕایگەیاند، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی باڵیۆزەکانیان لەنێوان دیمەشق و پاریس بە زووترین کات.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل
سەرۆکی سووریا هێرشەکانی ئیسرائیلی سەرکۆنە و جەختی لەوەش کردەوە، پشتی بە ڕۆڵی فەرەنسا بەستووە، بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنەکانی ئیسرائیل دژی وڵاتەکەی.
ئاسایی بوونەوەی تەواوەتیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە بارەی ئاڵوۆگۆڕکردنی باڵیۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات گوتی " خۆشحاڵم ئەمڕۆ ڕایبگەیەنم کە ڕێککەوتووین لەسەر دەستپێکردنی ئاڵوگۆڕکردنی باڵیۆزەکان لە نێوان دیمەشق و پاریس بە زووترین کات، ئەمەش واتای ئاسایی بوونەوەی تەواوەتیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمانە.
ئێمە بە توندی سەرکۆنەى ئەم هێرشە ڕێکخراوانە دەکەین کە ئاسایشی تەواوی ناوچەکە تێکدەدەن و پشت بە ڕۆڵی چالاکی فەرەنسا دەبەستین بۆ ڕاگرتنی ئەم پەرەسەندنە و دڵنیابوونەوە لە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان".
تەنیا سەروەریی یاسا ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، ئەحمەد شەرع لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، جەختی لەوە کردەوە، دەبێت سەروەریی یاسا جێگەی دیکتاتۆرییەت لە سووریا بگرێتەوە و دەبێت سوورییەکان جارێکی دیکە یەکبخرێنەوە و ئەوانەشی هەڵاتوون بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا سەروەریی یاسا ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ و خۆشگوزەران.
گەڕاندنەوەی سامانی ڕەفعەت ئەسەد
هاوکات بەگوێرەی ڕێککەوتنێک، فەرەنسا دەستیکردووە بە گەڕاندنەوەی سامانی ڕەفعەت ئەسەد، جێگری سەرۆکی پێشووی سووریا، بە بەهای 58 ملیۆن دۆلار کە دەستی بەسەردا گیرابوو، تاوەکو یارمەتیدەربێت بۆ دابینکردنی بودجەی ئەو پڕۆژانەی سوود بە دانیشتووانی سووریا دەگەیەنن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا