دەزگای ئاسایش دەستگیرکردنی سێ تیرۆریستی ڕاگەیاند

ئارام یوسف 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆى دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان
لۆگۆى دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سێ "تیرۆریستی" داعشیان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک دەستگیرکردووە.

لە سنووری سلێمانی کەرکوک

دەزگای ئاسایش لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری، لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی ڕابردوو، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک سێ "تیرۆریستی" داعشیان دەستگیرکردووە.

دەستگیرکراوەکان هەوڵی کۆچکردنیان داوە

هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، دەستگیرکراوەکان هەوڵی کۆچکردنیان داوە، بەڵام لەبەر باری ئەمنی و داخستی هەموو ڕێگاکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆیان نەکراوە، لەماوەکانی ڕابردوودا بڕیاری ئەوەیان دابوو بانگەواز بکەن و کاریان بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و نووسین و وێنەکانی داعش و بیرى توندڕەوی بووە لە ژمارەیەک پەیج و ئەکاونتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک (فەیسبووک، تیکتۆک، ئینستاگرام، تیلیگرام، یوتوب).

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختلەوە دەکاتەوە، ئەو کەسانە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون.

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە هانی گەنجانیان داوە بۆ بیری توندڕەوی

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسانە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بەوەداناوە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەوازیان کردووە و هانی گەنجان و هەرزەکارانیان داوە، بۆ وەرگرتنی بیری توندڕەوی و چوونە ناو ڕێکخستنەکانی داعش و کۆچکردن بۆ ناو ڕیزەکانی داعش.

تۆمەتبارەکان لەئێستادا بە ماددەی 2ـی تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

ئارام یوسف

1 کاتژمێر پێش ئێستا