لە ماوەی 24 کاتژمێردا هێرشکرایە سەر سێ کەشتی لە گەرووی هوورمز

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کەشتییەک لە گەرووی هوورمز کە هێرشکراوەتە سەری
کەشتییەک لە گەرووی هوورمز کە هێرشکراوەتە سەری

ئاژانسی دەریایی بەریتانی بەئامانجگرتنی سێ کەشتیی لە نزیک گەرووی هوومز ڕاگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکان گازی شلی قەتەریان دەگواستەوە، قەتەر ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبارکرد، کەشتییەکی دیکەیان نەوتی سعودیی بارکردبوو، ئەوەی سێیەمیش هێشتا نادیارە، ئەمریکا هێرشەکانی بە پێشێلکاریی قبوڵنەکراو" ؛ لە لایەن ئێرانەوە ناوبرد و لەکاردانەوەی ئەم هێرشانەدا مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی ڕاگرت.

ئەکسیۆیس دەڵێت بە مووشەکی ئێرانی کراونەتە ئامانج

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردەوە کەشتیەکان بە مووشەکی ئێرانی بەئامانج گیراون، تەلەڤزیۆنی ئێرانیش بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە هێزی دەریایی ئێرانەوە، بەئامانجگرتنی کەشتییە قەتەرییەکەی پشتڕاست کردەوە و هۆکاری بەئامانجگرتنەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کەشتییەکە ویستوویەتی بە رێڕەوی عوماندا تێپەرێت، گوتیشیان کەشتییەکی نەوتهەڵگری دیکەش، بەهۆی گوێنەدان بە هۆشدارییەکان، لە لایەن پاسدارانەوە بەئامانج گیراوە.

بەگوێرەی ئاژانسە بەریتانییەکەش، کەشتییە قەتەریەکە دوای بەئامانجگرتنی ئاماژەی ناردووە و داوای هاوکاریی کردووە.

تیمی کەشتیوانی هەردوو کەشتییەکە سەلامەتن

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش لە زاری سەرچاوەکانیەوە ڕایگەیاند، تیمی کەشتیوانیی هەردوو کەشتییەکە سەلامەتن و سەرقاڵی چۆڵکردنی کەشتییەکانیان، بەڵام ژووری بزوێنەری کەشتییە قەتەرییەکە ئاگری گرتووە و پڕ بووە لە دوکەڵ. تیمی کەشتیوانی دەستبەجێ نەیانتوانیوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕادەی زیانەکان بکەن.

کەشتییەکی دیکەش کراوەتە ئامانج

 ئاژانسی دەریایی بەریتانی ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری دیکەش لە گەرووەکە کراوەتە ئامانج، کە ئاڵای سعودیەی لەسەر بووە، بەڵام لە لایەن بەحرەینەوە خاوەنداری دەکرێت، گوتیشیان دەستبەجێ ڕوون نەبووەتەوە هۆکاری بەئامانجگرتنەکە چی بووە و ڕادەی زیانەکانی چەندە، بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردەوە، هۆکاری بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لە لایەن ئێرانەوە بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئەمریکا و عومانە، کە بەمدواییانە ویستیان وەکو جێگرەوەیەک بۆ رێرەوی ئێرانی بەکاری بهێنن.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا