قەتەر: هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکەمان لە هوورمز سەرکۆنە دەکەین

بەهزاد ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی قەتەر بەتووندی سەرکۆنەی هێرشی سەر کەشتییەکەیان کرد لە نزیک گەرووی هوورمز و ئێرانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە، هاوکات جێگری باڵیۆزی ئێرانیان لە وڵاتەکەیان بانگێشت کرد بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو هێرشە بدات و یاداشتێکی ناڕەزاییان لەمبارەوە پێشکەش بە تیمی دیپلۆماسیی ئێرانی کرد لە وڵاتەکەیان.

پێشێلکاری سەلامەتی کەشتیوانی

دەوڵەتی قەتەر لەو یاداشتە ناڕەزاییەدا دووپاتیکردەوە، "هێرشەکەی ئێران پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەلامەتیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهانی و پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە".

ناڕەزایی دراوەتە ئێران

یاداشتی ناڕەزاییەکە لە باڵەخانەی وەزارەتی نەوتی قەتەر، لەلایەن ئیبراهیم بن یوسف، بەڕێوەبەری بەشی پرۆتۆکۆل لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەرەوە درا بە موحسین محەممەد قانعی، جێگری باڵیۆزی ئێران، کە بەم مەبەستە بانگێشتکرابوو.

داوای دەستبەجێ دەستبەردار بوون لە ئێران کراوە

لە یاداشتەکەدا داوا کراوە ئێران دەستبەجێ دەستبەرداری هەر جۆرە کارێک بێت کە مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات و خۆی لە مەترسیی دروستکردن بۆ سەر ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەدووربگرێت و سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی جیهانی بپارێزێت.

 گرتنبەری ڕێوشوێنی پێویست

هەروەها مافی قەتەریان دووپاتکردەوەتەوە بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنانەکان، کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەوحە بە گونجاوی دەزانێت، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەت و سامانی وڵاتەکەی.

داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلە لە ئێران کراوە

جگە لەوەش داوایان لە ئێران کرد ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بەم هێرشە بدات و ڕێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی و بە تەواوی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.

سەرکۆنەی هێرشەکە

بەجیاش هەریەکە لە ئیمارات و سعودیە سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد، کە لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا کراونەتە سەر سێ کەشتیی هەڵگری سووتەمەنی لە گەرووی هوورمز و ئێرانیان بە بەرپرسیار زانی لەو هێرشانە.

بەهزاد ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا