توێژینەوەیەک:%81 ـی کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی مووچەخۆری حکومەتن

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کاتی کارکردن لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندا
کاتی کارکردن لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندا

سەرەڕای دروستکردنی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون لە 20 ساڵی ڕابردوودا، توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە 81%ـی کڕیارانی خانوو و شوقە لە سلێمانی مووچەخۆری حکومەتن و ئەمەش بازاڕەکەی ڕووبەڕووی وەستان کردووەتەوە.

ئاماری دروستکردنی یەکەکان لە دوو دەیەی ڕابردوودا

بەپێی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی "ڤیژن" بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی 186,000 یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون. ئەم ئامارە بەو واتایە دێت کە ساڵانە بە تێکڕا 9,300 یەکە دروستکراوە، بەڵام ئەم فراوانبوونە نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون و ڕزگارکردنی کرێنشینان.

پێکهاتەی کڕیارانی یەکە نیشتەجێبوونەکان

داتاکانی توێژینەوەکە ئاشکرای دەکەن کە بازاڕی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە مووچەخۆران دەبەستێت. 81%ـی کڕیاران فەرمانبەر و مووچەخۆری حکومەتن، لە کاتێکدا تەنیا 9%ـی کڕیاران لە کەرتی تایبەت کار دەکەن و ئەوانی دیکەش خاوەن کاری سەربەخۆن. هەروەها 26%ـی کڕیارانی یەکەکان بە کەسانی بیانی (دەرەوەی شاری سلێمانی) ئەژمار کراون.

بێهیوایی کرێنشینان لە پڕۆژە نوێیەکان

لە ڕاپرسییەکدا کە 37,000 خێزانی کرێنشین تێیدا بەشدار بوون، 95%ـی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە هیچ هیوایەکیان بەو ژمارە زۆرەی یەکەی نیشتەجێبوون نییە بۆ ئەوەی لە کرێچێتی ڕزگاریان بکات. هۆکارەکەش بۆ هەبوونی "گاپێکی گەورە" دەگەڕێتەوە لە نێوان توانای دارایی هاووڵاتیان و نرخی یەکەکان لە بازاڕدا.

هۆکارەکانی پەککەوتنی بازاڕی خانووبەرە

توێژینەوەکە پێنج هۆکاری سەرەکی بۆ کزبوونی بازاڕی خانووبەرە دیاری دەکات:

1- شکستی بازاڕ: نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو کە پێویستی بە دەستوەردانی حکومەت هەیە.

2- کەمیی داهات: نەگونجانی نرخی یەکەکان لەگەڵ توانای دارایی هاووڵاتیان.

3- چڕبوونەوەی سەرمایە: کۆبوونەوەی سەرمایەی کەرتی تایبەت تەنیا لە بواری نیشتەجێبوون و فەرامۆشکردنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ.

4- نەبوونی سیستمی بانکی: پشتبەستن بە بازاڕی نادیسپلین بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خێرا.

5- تێچووی بەرز: ناڕەخسانی دەرفەت بۆ ئەو کەسانەی مووچەی مامناوەندیان هەیە بەهۆی بەرزیی تێچوو و نرخەکان.

دۆخی خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون

لە ئێستادا خاوەن پڕۆژەکانیش ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە. زۆربوونی ژمارەی پڕۆژەکان لە لایەک و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەکی دیکە، وایکردووە خواست لەسەر کڕینی یەکەکان بۆ نزمترین ئاست دابەزێت و پڕۆژەکان وەک پێویست ساغ نەبنەوە.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا