د. هەڵۆ مستەفا: ساونا و حەمامی زۆر گەرم کوالێتیی تۆوی پیاوان کەم دەکەنەوە
گونەکان بۆ دروستکردنی تۆوی تەندروست پێویستیان بە پلەی گەرمییەک هەیە کە دوو بۆ سێ پلە کەمتر بێت لە پلەی گەرمیی ئاسایی جەستە، واتە دەوروبەری 34 بۆ 35 پلەی سیلیزی، د. هەڵۆ مستەفا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، چەند زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بە کاریگەریی کەشوهەوای گەرم لەسەر کوالێتی تۆوی پیاوان دەخاتەڕوو.
کاریگەریی گەرما لەسەر تۆوی پیاوان
کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لەناو ساونا یان ئاوی زۆر گەرمدا دەمێنیتەوە، گەرمییەکە بەم شێوازە کار دەکاتە سەر کوالێتیی تۆوەکان:
- کەمبوونەوەی جووڵە و ژمارە: کاتێک جەستە بەردەوام دەکەوێتە بەر گەرمییەکی زۆر، پلەی گەرمیی گونەکان بەرز دەبێتەوە، ئەمە دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی تۆوی پیاوان و جووڵەی تۆوی پیاوان
- کەمبوونەوەی دروستبوونی تۆوی نوێ: گەرمیی زۆر دەبێتەهۆی وەستان یان خاوبوونەوەی پرۆسەی دروستبوونی تۆوی نوێ
- تێکچوونی بۆماوەیی تۆو: گەرمیی بەرز دەکرێت ببێتەهۆی تێکچوونی کاتیی پێکهاتەی بۆماوەیی ناو تۆوی پیاوان، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرۆسەی پیتاندنی هێلکە دەبێت
ئایا ئەو زیانەی بەهۆی گەرمییەوە بە تۆوی پیاوان دەگات هەمیشەییە؟
نەخێر، کاریگەریی گەرمی لەسەر کوالێتی تۆوی پیاوان کاتییە، ئەگەر بۆ ماوەی سێ بۆ چوار مانگ گونەکان لە پلەیی گەرمیی بەرز بەدووربن سووڕی دروستبوونی تۆوی پیاوان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و کوالێتییەکەی بە تەواوی چاک دەبێتەوە، واباشترە پێش پلانی منداڵبوون، بۆ ماوەیەک پیاوەکە لە ساونا، جاکوزی و حەمامی زۆر گەرم دوور بکەوێتەوە، لەجیاتی ئەوە، هەمیشە حەمامی شلەتێن یان فێنک گونجاوترە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا