قالیباف: سەردەمی چەوسانەوە کۆتایی هاتووە و فشارەکانی ئەمریکا بێسوودن
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە تاران بەرامبەر هەڕەشەکان پاشەکشە ناکات، هاوکات سوپای پاسداران بە ئامانجگرتنی 85 پێگەی ئەمریکی وەک "وەڵامی سەرەتایی" ڕاگەیاند.
تاران پاشەکشە لە مافەکانی ناکات
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت. قالیباف ڕایگەیاند کە چیتر سیاسەتی فشار و هەڕەشە بەرامبەر تاران ئەنجامی نابێت و جەختی کردەوە کە ئێران لەو لایەنانە نییە کە پاشەکشە بکات یان دەستبەرداری مافە نەتەوەییەکانی ببێت.
پێشێلکردنی ڕێککەوتنی سویسرا لەلایەن واشنتنەوە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی کردبوو لە دانوستانەکانی سویسرا، ئاماژەی بە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی کرد کە بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان واژۆ کرابوو. قالیباف چەند پێشێلکارییەکی ئەمریکای بەرامبەر ئەو ڕێککەوتنە ژمارد، لەوانە: پێشێلکردنی ڕێکارەکان لە گەرووی هوورمز، هەڕەشەی بەردەوامی هێرشی سەربازی، هێرشکردنە سەر باشووری ئێران و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەوت.
وەڵامی سەربازیی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا
ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران "وەڵامی سەرەتایی" خۆی بۆ هێرشەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا بە مووشەک و درۆن، 85 پێگەی سەربازیی ئەمریکایان لە بەندەری سەلمان، ناوچەی پێنجەمی دەریایی لە بەحرێن و بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوەیت کردووەتە ئامانج. هەروەها سوپای پاسداران بانگەشەی خستنەخوارەوەی درۆنێکی جۆری MQ-9 دەکات.
هۆکاری هێرشەکانی سێنتکۆم بۆ سەر ئێران
پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سوپای پاسداران. سێنتکۆم جەختی کردەوە کە ئەو هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ کرانە ئامانجی 3 کەشتیی بازرگانی لەلایەن ئێرانەوە لە ئاوەکانی گەرووی هوورمز.
2 کاتژمێر پێش ئێستا